دێربیی کوردستان.. پایتەختی رۆشنبیری میوانی پردی دەلالە

20 کاژێر له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن یاریگەی زاخۆ خولی ئەستێرەکانی عێراق
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە یارییەکی بەهێز و سەرنجڕاکێشی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا، ئەمڕۆ یانەی زاخۆ لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا میوانداری یانەی نەورۆز دەکات.
 
یارییەکە لە رکابەرییەکانی گەڕی دووەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق بەڕێوەدەچێت و دێربیی کوردستانە، هەردوو یانە دووەم یارییانە لە خولەکەدا و لە گەڕی یەکەمدا یەکسانبوون، زاخۆ و نەورۆز رکابەری لەسەر بەدەستهێنانی یەکەم سێ خاڵ لە خولەکەدا دەکەن.
 
ئەمشەو کاژێر 20:00 لە یاریگەی نێودەوڵەتی زاخۆ یارییەکە بەڕێوەدەچێت، یانەی زاخۆ سەرجەم یاریزانەکانی بۆ ئەم یارییە ئامادەن، تەنیا ئیبراهیم هەسار، یاریزانی پیشەگەری سووری نەبێت کە چەند رۆژێک لەمەوبەر گرێبەستەکەی راگەیێنراوە و تاوەکو ئێستا پەیوەندیی بە تیپەکەوە نەکردووە.
 
یاریزانانی زاخۆ و تەڵاڵ بلووشی راهێنەری یانەکە ئامانجیان ئەوەیە یەکەم بردنەوە لەم وەرزەدا تۆماربکەن، دوای ئەوەی لە گەڕی یەکەمی خولەکەدا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی لەگەڵ یانەی تەڵەبە یەکسانبوون.
 
سیپان سەدیق، بەرگریکاری یانەی زاخۆ بەر لە یارییەکە بە رووداوی گوت "زۆربەباشی خۆمان بۆ یارییەکە ئامادەکردووە، هەموو توانایەکمان دەخەینەگەڕ بۆ ئەوەی ئەنجامێکی باش بەدەستبهێنین و رکابەری لەسەر بردنەوەی یەکەم سێ خاڵ و دڵخۆشکردنی هاندەرانمان بکەین."
 
هاوشێوەی یانەی زاخۆ، یانەی نەورۆزیش لە گەڕی یەکەمدا نەیتوانی سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، یانەکە لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر کەربەلا یەکسانبوو، بۆ ئەم یارییەش نەورۆز بۆ گەڕی دووەم لەسەریەک لە دەرەوەی یاریگەی خۆی و دوور لە هاندەرانی یاری دەکات.
 
ئێوارەی رۆژی چوارشەممە نەورۆز دوای گەشتێکی چەند کاژێری لە سلێمانییەوە گەیشتە زاخۆ و دوایین مەشق و راهێنانەکانی بۆ یارییەکە ئەنجامدا، یاریزانەکانی جۆرڤان ڤیێرا بۆ یارییەکە ئامادەن و دەیانەوێت لە دەرەوەی یاریگەی خۆیان یەکەم سێ خاڵ بەدەستبهێنن.
 
ئەم یارییە بۆ هەردوو یانە تایبەتە، بەتایبەت کە زاخۆ لە دوایین دوو یارییدا سەرکەوتنی بەرامبەر نەورۆز بەدەستهێناوە.
 
جگە لەوەش لە ریزەکانی یانەی نەورۆز، عیماد عیسا، گۆڵپارێزی یانەکەیە و دەگەڕێتەوە زاخۆ بۆ ئەوەی رکابەری یانەی پێشووی بکات.
 
ئاسۆ رۆستەم، هێرشبەری یانەی نەورۆز لەبارەی یارییەکەوە بە رووداوی گوت "یارییکردن لە یاریگەی زاخۆ زەحمەتە و ئەوان خاوەنی راهێنەر و تیپێکی باشن، بەڵام ئامادەکاریمان کردووە و دەمانەوێت یارییەکە ببەینەوە."
 
لە دوو یاریی رابردووی نێوان هەردوو یانەدا، یانەی زاخۆ هەردوو یارییەکەی لە یانەی نەورۆز بردووەتەوە و ئەمڕۆ هەردوولا دەچنە نێو رکابەرییەکی نوێ بۆ تۆمارکردنی یەکەم بردنەوە لە خولەکەدا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

یارییەکی پێشووتری ئامەدسپۆر

ئامەدسپۆر کێشەی یاریگەی هەیە

یانەی ئامەدسپۆر داواکاریی ئاراستەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا کرد و داوا دەکات یاریی ئەمجارەیان لە شارێکی دیکە بکرێت.