ریال مەدرید یاریزانێکی نەسڕ دەباتە ریزەکانی

8 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ئێمریک لاپۆرت ریال مەدرید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

دانوستاندنی گواستنەوەی ئێمریک لاپۆرتی ئەستێرەی ئیسپانیی یانەی نەسڕی سعودی، بۆ ریزەکانی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، پێشهاتێکی نوێی بەخۆیەوە بینیوە.
 
لەم دواییانەدا لاپۆرت لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا بەشداری یۆرۆی 2024ـی کرد، کە بۆ چوارەمجار لە مێژووی خۆیدا ئەو هەڵبژاردەیە نازناوەکەی بەدەستهێنا و یاریزانەکە ئاستێکی بەرزی لە پاڵەوانێتییەکەدا پیشکێشکرد.
 
لاپۆرت، سەرەتای وەرزی رابردوو ریزەکانی یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی بەجێهێشت و پەیوەندی بە یانەی نەسڕەوە کرد.
 
میدیای سعودی ئاشکرایکرد کە یانەی نەسڕ رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر رۆیشتنی لاپۆرت بۆ چوونە ریزەکانی ریال مەدرید لە وەرزی داهاتوودا، بەڵام بەمەرجێکی دیاریکراو، کە داوا دەکات لانیکەم ریال مەدرید ئەو پارەیەی پێبداتەوە کە وەرزی رابردوو بۆ بەدەستهێنانی تواناکانی لاپۆرت بە یانەی مانچێستەر سیتیی ئینگلیزی دابوو.
 
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، لاپۆرت زۆر حەزدەکات دەست بە ئەزموونێکی نوێ بکات، بەتایبەتی لەگەڵ ریال مەدریدی پاڵەوانی ئەوروپا، کە وەرزی رابردوو نازناوی چامپیۆنزلیگی بەدەستهێنا.
 
ریال مەدرید، دەیەوێت لاپۆرت بباتە ریزەکانی بۆ قەرەبووکردنەوەی رۆیشتنی کاپتنەکەی، ناچۆ فێرناندێز، کە ئەو لەم هاوینەدا پەیوەندی بە یانەی قادسیەی سعودیەوە کردووە.
 
ماوەی گرێبەستی لاپۆرت لەگەڵ یانەی نەسڕ لە هاوینی 2025 کۆتایی دێت، بەڵام کارگێڕیی یانە سعودییەکە لاری نییە لەسەر رۆیشتنی، چونکە پەیوەندی نێوان یاریزانەکە و کارگێڕیی نەسڕ گەیشتووەتە بنبەست، بەڵام سووریشە لەسەر ئەوەی کە ریال مەدرید دەبێت داواکارییە داراییەکانی جێبەجێبکات.
 
یانە سعودییەکە بە سەرکردایەتی کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەیەوێت ئەمساڵ تیپێکی بەهێزتر لە وەرزی رابردوو دروست بکات، ئەگەرچی تاوەکو ئێستا تەنیا یەک گرێبەستی کردووە، ئەویش پینتۆی گۆڵپارێزی بەرازیلییە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە