ڤیدیۆ؛ براوەی میدالیای زێڕ بەهۆی سیخوڕیکردنەوە لە ئۆڵۆمپیاد دوورخرایەوە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
هەڵبژاردەی خانمانی کەنەدا
هەڵبژاردەی خانمانی کەنەدا
نیشانەکردن خانمانی کەنەدا ئۆڵۆمپیادی 2024ی پاریس
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لیژنەی ئۆڵۆمپیی کەنەدا، بێڤ پرێستمان، خانمە راهێنەری تیپی تۆپی پێی خانمانی وڵاتەکەی لە ئۆڵۆمپیاد دەرکرد، دوای ئەوەی یەکێتیی تۆپی پێی کەنەدا بڕیاریدا بە سڕکردنی ئەو راهێنەرە بەهۆی سکانداڵێکی سیخوڕیکردن، بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان.
 
ئەو رووداوە هەڵبژاردەی خانمانی کەنەدای براوەی میدالیای زێڕی ئۆڵۆمپیادی 2020ـی خستە هەڵوێستێکی شەرمەزارکەر و ئابڕووبەرانە.
 
لیژنەی ئۆڵۆمپیی کەنەدا، رایگەیاند کە ئەندی سپێنس، یاریدەدەری راهێنەر لەجیاتی پرێستمان سەرکردایەتیی تیپی خانمانی کەنەدا دەکات لە ئۆڵۆمپیادی هاوینە لە پاریس.
 
کیڤن بلۆ، بەڕێوەبەری جێبەجێکار و سکرتێری گشتیی یەکێتیی تۆپی پێی کەنەدا، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا، زانیاریی زیاتریان دەستکەوتووە سەبارەت بە بەکارهێنانی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان بەرامبەر بە تیپە رکابەرەکانی کەنەدا، پێش یارییەکانی ئۆڵۆمپیادی پاریس.
 
هەروەها دەڵێت، "لەژێر رۆشنایی ئەم زانیارییە نوێیەدا، یەکێتیی تۆپی پێی کەنەدا بڕیاری سڕکردنی بیڤ پرێستمانی راهێنەری هەڵبژاردەی نیشتمانی خانمانی داوە لە ماوەی یارییەکانی ئۆڵۆمپیادی پاریس 2024 تاوەکو تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان، کە بەم دواییە رامانگەیاند".
 
کەنەدا لە یاریی یەکەمی تۆپی پێی خانمانی ئۆڵۆمپیادی پاریسدا، بەبێ ئامادەبوونی بێڤ پرێستمان بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە نیوزیلاندی بردەوە.
 
دووشەممەی رابردوو، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان کە لەلایەن ئەندامێکی تیپی تۆپی پێی خانمانی کەنەدا بەڕێوەدەبرا، نێردراوەتە ئاسمانی راهێنانێکی هەڵبژاردەی نیوزیلاند.
 
پرێستمان داوای لێبوردنی لە یاریزانانی نیوزیلاند کرد بۆ ئەوەی روویدا و رایگەیاند کە بەرپرسیارێتی کۆتایی لە ئەستۆی ئەودایە.
 
ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەمە نوێنەرایەتی بەهاکانی تیمەکەمان ناکات، لە کۆتاییدا من بەرپرسیارم لە رەفتارەکانی ناو بەرنامەی کارەکەمان".
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە