ئەستێرە و گۆڵکارێکی بەرازیلی نزیکە بچێتە خولی سعودی

26-06-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ئەهلی جەدە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئەهلی سعودی دوای ئەوەی گەڕایەوە نێو رکابەرییەکانی خولی رۆشن هەنگاوەکانی بۆ گواستنەوەی چەند ئەستێرەیەک چڕکردووەتەوە و ئامانجێکی سەرەکیشی گواستنەوەی رۆبێرتۆ فیرمینۆی بەرازیلییە.
 
فیرمینۆ دوای کۆتاییهاتنی وەرزی رابردووی پرێمەرلیگ، ماڵئاوایی لە یانەی لیڤەرپوول کرد، دوای ئەوەی ئامادەنەبوو گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکە نوێبکاتەوە، بەمەش ئێستا یاریزانێکی ئازادە.
 
هەرچەند لە ماوەی رابردوودا ناوی یاریزانەکە بە یانەی ریال مەدریدەوە بەسترابووەوە، بەڵام ئێستا بۆبی گفتوگۆ لەگەڵ یانەی ئەهلی جەدەی سعودی دەکات و نزیکە پەیوەندی بە ریزەکانی یانەکەوە بکات."
 
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، گفتوگۆکانی نێوان هەردوولا لە قۆناخی کۆتاییدان، ئێستا یانە سعودییەکە چاوەڕێی وەڵامی کۆتایی رۆبێرتۆ فیرمینۆ دەکات، بۆ ئەوەی بەفەرمی واژۆ لەسەر گرێبەستەکەی بکات و وەک یەکەم گرێبەستی گەورەی یانەکە رابگەیێنرێت.
 
بەرپرسانی یانەی ئەهلی کاردەکەن بۆ ئەوەی وادەی ئەنجامدانی پشکنینی پزیشکی بۆ یاریزانەکە لەم هەفتەیەدا دیارییبکەن، ئەگەر یاریزانەکە بڕیاری کۆتاییدا بۆ پەیوەندیکردن بە یانەکەوە.
 
رۆبێرتۆ فیرمینۆ ئێستا تەمەنی 31 ساڵە، یاریزانەکە لە خولی بەرازیل، ئەڵمانیا و ئینگلتەرا یارییکردووە و یەکێک بووە لە هێرشبەرە دیارەکانی یانەی لیڤەرپوول لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا و ئێستا نرخەکەی 18 ملیۆن یۆرۆیە، بەڵام یاریزانێکی ئازادە و بێبەرامبەر دەتوانێت بچێتە هەر یانەیەک کە بیەوێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە