تۆپی پێی ئەوروپا شەوێکی تایبەتی بەڕێکرد

26-05-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن تۆنی کرووس
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

شەوی شەممە 26-5-2024 بۆ تۆپی پێی ئەوروپا شەوێکی تایبەت و لەبیرنەکراو دەبێت، بەهۆی ئەوەی ژمارەیەک ئەستێرەی دیار ماڵئاواییان لە یانەکانیان کرد و تۆنی کرووسیش بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لە ریال مەدرید دەکات.
 
لە یەک شەودا هەریەکە لە تۆنی کرووس، ئەستێرەی یانەی ریال مەدرید، کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی یانەی پاریس سانجێرمان، ئۆلیڤێ ژیرۆ و سیمۆن کایەر، ئەستێرەکانی یانەی ئەیسی میلان و ستیفانۆ پیۆلی، راهێنەری یانەکە ماڵئاواییان کرد.
 
کرووس هەمووانی دڵتەنگکرد
 
لە ئیسپانیا و لە دوایین یاریی خۆیدا لەم وەرزەی لالیگادا، ریال مەدریدی پاڵەوان لە یاریگە سانتیاگۆ بێرنابیۆ رووداوێکی ناخۆش و لەبیرنەکراوی بەخۆیەوە بینی، کاتێک تۆنی کرووس، ئەستێرەی ئەڵمانی دوای 10 ساڵ یارییکردن لەو یانەیە و بردنەوەی چەندین نازناوی جیاواز، بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لە یاریگەکە و هاندەرانی یانەکە کرد.
 
کرووس بە دڵتەنگییەکی زۆرەوە ماڵئاواییکرد، سانتیاگۆ بێرنابیۆ پڕ بوو لە دەنگی چەپڵەی هاندەرانی یانەی شاهانە، ئەستێرەکانی ریال مەدرید باوەشیان بە ئەستێرە ئەڵمانییەکەدا کرد، منداڵەکانی بۆ باوکیان گریان، کاروانی کرووس لە ریال مەدرید کۆتاییهات و تەنیا یەک یاریی ماوە بەدرێسی یانەکەوە ئەنجامبدات، ئەویش یاریی کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپایە.
 
کرووس لە دوای یارییەکە گوتی "کاردانەوەی منداڵەکانم منیان بەتەواوی کوشت، جوانترین ماڵئاوایی بۆ من بردنەوەی نازناوی چامپیۆنزلیگ دەبێت لەگەڵ ریال مەدرید."

 
کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید لەبارەی تۆنی کرووسەوە گوتی "باشترین ماڵئاوایی بوو لە ئەفسانەیەکی وەکو تۆنی کرووس، ئەو بڕیارێکی بەهێزیدا، کەسایەتی بەهێزی خۆی پێشاندا، هێشتا بەختەوەرین کە یارییەک ماوە چێژی لێ وەربگرین، دەمانەوێت بەیەکەوە چامپیۆنزلیگ ببەینەوە."
 
تۆنی کرووس لە 2014 بایرن میونشنی بەرەو ریال مەدرید بەجێهێشت، لە 10 ساڵی رابردوودا یاریزانەکە مێژوویەکی گەورەی لەگەڵ یانەکە تۆمارکرد 464 یاریی بەدرێسی یانەی شاهانەوە ئەنجامدا، 28 گۆڵی تۆمارکرد و 98 ئاسیستی بۆ هاوڕێکانی کرد.

ئەستێرە ئەڵمانییەکە 22 نازناوی لەگەڵ یانەکە بەدەستهێناوە کە چواریان خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپان و لەبەردەم هەلی بردنەوەی نازناوێکی دیکەی چامپیۆنزلیگە.
 
ئێمباپێ ماڵئاوایی لە پاریس سانجێرمان کرد
 
لە یاریی کۆتایی جامی فەرەنسادا کە پاریس سانجێرمان بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لە یانەی لیۆنی بردەوە، کیلیان ئێمباپێ دوایین یاریی خۆی بەدرێسی یانەی پاریس سانجێرمانەوە ئەنجامدا و دوایین نازناوی لەگەڵ یانەکە بردەوە.
 
ئێمباپێ لە 2017-2018 لە یانەی مۆناکۆ چووە یانەی پاریس سانجێرمان یاریزانەکە لە ماوەی 7 ساڵی رابردوودا یاریزانەکە 256 گۆڵی لە 307 یارییدا تۆمارکرد و 108 گۆڵی دروستکرد، کیلیان بووە گۆڵکاری مێژوویی پاریس سانجێرمان.
 
ئەستێرە فەرەنسییەکە لەگەڵ پاریس سانجێرمان 15 نازناوی بەدەستهێنا، بەڵام هیچیان چامپیۆنزلیگ نەبوون.
 
لە دوای ماڵئاواییکردنی لە پاریس سانجێرمان، کیلیان ئێمباپێ گوتی "لەو هەستە خۆشتر نییە بەبردنەوەی نازناوەوە ماڵئاوایی بکەیت، لەکاتێکی گونجاودا یانەی داهاتووم ئاشکرا دەکەم."

 
ئێمباپێ نزیکە لە پەیوەندیکردن بە یانەی ریال مەدرید و بە ئەگەری زۆرەوە کاروانی داهاتووی یاریزانەکە لە یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ بێت.
 
 
سیانەی میلان ماڵئاواییان کرد
 
لە یانەی ئەیسی میلان، سێ کەس بەیەکەوە ماڵئاواییان لە یانەکە کرد و دوایینجار لەگەڵ یانەکە دەرکەوتن.
 
لە گەڕی کۆتایی رکابەرییەکانی ئەم وەرزەی سێریا ئا، یانەی ئەیسی میلان بەرامبەر سالێرنیتانا یارییکرد و هەردوو یانە بە سێ گۆڵ بۆ هەرلایەک یەکسانبوون، لەو یارییەدا میلان شەوێکی تایبەتی بەڕێکرد.
 
ستیفانۆ پیۆلی، راهێنەری یانەی ئەیسی میلان لە دوای 5 ساڵ کارکردن وەکو راهێنەری یانەکە ماڵئاواییکرد.
 
پیۆلی لەگەڵ رۆسۆنێری تەنیا یەک نازناوی بەدەستهێنا، ئەویش نازناوی سێریا ئا بوو لە وەرزی 2021-2022
 
دوای ماڵئاواییکردنی پیۆلی، میلان بەدوای راهێنەرێکی نوێدا دەگەڕێت، بەڵام هێشتا دیارنییە کێ دەبێتە راهێنەری داهاتووی یانەکە.

 
ئۆلیڤێ ژیرۆ، ئەستێرەی فەرەنسی و گۆڵکاری یانەی میلان دوایین یاریی خۆی بەدرێسی یانە ئیتاڵییەکەوە ئەنجامدا و ماڵئاواییکرد، یاریزانەکە کاروانی یارییکردنی دەباتە خولی ئەمریکا و بۆ یانەی لۆس ئانجلێس ئێف سی یاریی دەکات.
 
ژیرۆ لە 2021ـەوە یاریی بۆ یانەی میلان دەکات، یاریزانەکە لە ریزەکانی یانە لۆمباردییەکەدا 132 یاریی ئەنجامدا 49 گۆڵی تۆمارکرد و 20 گۆڵی بۆ هاوڕێکانی دروستکرد و کاروانەکەی لە ئەوروپا کۆتاییهات.



یەکێکی دیکە لەو یاریزانانەی لەو یارییەدا ماڵئاواییکرد، سیمۆن کایەر، ئەستێرەی دانیمارکی بوو دوای ئەوەی دوایین یاریی بەدرێسی یانەکەوە ئەنجامداوە.
 
سیمۆن کایەر تەمەنی 35 ساڵە، لە 2021 لە یانەی سێڤیای ئیسپانییەوە پەیوەندیی بە ریزەکانی یانەی میلان کردووە، یەکێک بوو لە بەرگریکارە هەر دیار و گرنگەکانی یانەکە 121 یاریی بۆ رۆسۆنێری ئەنجامدا، گۆڵێکی تۆمارکرد و 3 گۆڵی دروستکرد.
 
ئێستا یاریزانەکە بەبێ یانە ماوەتەوە و دیارنییە داهاتووی لە کام یانە و کام خول دەبێت.





 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە