ریال مەدرید گرێبەستی دوو بلیمەتەکەی نوێدەکاتەوە..

26-02-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن ریال مەدرید لۆکا مۆدریچ تۆنی کرووس
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایانکردووە، کارگێڕیی ریال مەدرید لەبەردەم دووڕیانی چارەنووسسازدایە، بۆ بڕیاردان لە نوێکردنەوە یان نەکردنەوەی گرێبەستی هەردوو ئەستێرەی بلیمەتی ناوەڕاستی تیپەکە، لۆکا مۆدریچ و تۆنی کرووس.
 
سەرچاوەکان دەڵێن، هەردوو یاریزانەکە چاوەڕێی تەلەفۆنی کارگێڕیی یانەکەن بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکانیان، بەڵام یانەکە بڕیاری کۆتایی نەداوە. لە کاتێکدا هەردوو ئەفسانەکە ویستی بەردەوامبوونیان لەگەڵ یانەکەیان هەیە.
 
بەپێی سیستمی کارکردنی ریال مەدرید، یاریزانانی سەروو تەمەنی 30 ساڵ لە یانەکە، گرێبەستەکانیان بۆ ماوەی تەنیا یەک وەرز نوێدەکرێتەوە و لۆکا و کرووس، لە کۆتایی وەرزی ئەمساڵدا گرێبەستەکانیان تەواو دەبێت.
 
پێشتر لەبارەی چارەنووسی دووانەی ناوەڕاستی یانەکەوە پرسیار لە کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری ریال مەدرید کرابوو، ئەو گوتبووی، "لەبارەی داهاتووی ئەوانەوە، تۆپەکە لە گۆڕەپانی خۆیاندایە".. کارلیتۆ ئاماژەی بەوەدابوو کە ئەوان خۆیان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان دەدەن، "ئەفسانەکانی ئەم یانەیە، خۆیان بڕیار لەوە دەدەن دەیانەوێت لە داهاتوودا چی بکەن".
 
باسوخواسی بەردەوامبوون یان رۆیشتنی ئەو دوو ئەستێرەیە لە ریال مەدرید، هەر بەردەوامە، سەرچاوەکان لە ماوەی رابردوودا باسیان لەبێئومێدبوونی لۆکا مۆدریچ لەسەر کەم یارییکردن کردبوو. لە کاتێکدا باس لە نزیکیی بەردەوامبوونی تۆنی کرووس لەگەڵ یانەکە، لانیکەم بۆ وەرزێکی دیکەش دەکرێت.
 
لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی بەر لە یارییەکەی سێڤییا، ئەنچیلۆتی راهێنەر جارێکی دیکە هەڵوەستەی لەسەر هەمان بابەت کردەوە، ئەو گوتی "من ئامۆژگاریی کرووس ناکەم بۆئەوەی پێی بڵێم چی بکات، ئەو کوڕی من نییە تا مافی ئامۆژگاری کردنیم هەبێت، بەڵام دەزانم ئەو خۆی دەتوانێ چارەنووسی خۆی دیاریی بکات".
 
کرووس هەفتەی پێشوو لە بڕیاری وازهێنان لە یاریی نێودەوڵەتی پاشگەزبووەوە و گەڕانەوەی خۆی بۆ ریزەکانی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا راگەیاند، بەوەش هەلی بەشداریکردن لە یۆرۆی 2024ی لە ئەڵمانیا دەبێت.
 
پێدەچێ چارەنووسی کرووس لەگەڵ ریال مەدرید روونتر بێت و هەردوولا ویستی بەردەوامبوونیان پێکەوە هەبێت، بەڵام هەمان دۆخ بۆ بەردەوامبوونی لۆکا مۆدریچ لە ئارادا نییە.
 
مۆدریچیش لە هاوینی داهاتوودا گرێبەستەکەی لەگەڵ ریال مەدرید کۆتایی دێت، لەگەڵ بەتەمەنداچوونی ئەو ئەفسانەیە، ئیدی ئەو لە وەرزی ئەمساڵدا بووەتە یاریزانێکی یەدەگی پێکهاتەکەی میستەر کارلۆ، پاش 12 ساڵی بەردەوام لە درەوشانەوە.
 
مۆدریچ ئێستا تەمەنی 38 ساڵە، ئەمساڵ لە نیوەی یارییەکانی تیپەکەیدا یەدەگبووە و تەنیا لە پێنج یاریدا ماوەی 90 خولەک یارییکردووە.
 
مۆدریچ لە مانگە سەرەتاکانی وەرزی ئەمساڵدا، تەنیا 1374خولەک یارییکردووە، بەراورد بە هەمان ماوەی مانگەکانی سەرەتای وەرزەکانی رابردوو، کەمترە کە 1838 خولەک یارییکردووە.
 
رێژەی بەشداریی لۆکا لەگەڵ تیپەکەی 26 لەسەد کەمیکردووە، لە کاتێکدا تیپەکە ئەمساڵ کێشەی زۆری لەگەڵ پێکران و دابڕانی یاریزانەکانیدا هەبووە، کە دەبوو هەلی یارییکردنی لۆکا زیاتر بکات.
 
لە هەفتەکانی رابردوودا، سەرچاوەکان باسیان لە ویستی یانەکانی سعودیە بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ لۆکا مۆدریچ و وردەکاریی گرێبەستەکە کرد. بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ رووداوێکی فەرمی لە ئارادانییە.
 
مۆدریچ دوێنێ شەو لە دوایین یاریی یانەکەیدا بەرامبەر سێڤییا لە لالیگا، جارێکی دیکە بەیەدەگ بەشدارییکرد و تاکە گۆڵی سەرکەوتنی یانەکەی تۆمارکرد، ئەو دوای یارییەکە نووسی، "هەرگیز خۆبەدەستەوەدان نییە.. بژی مەدرید".
 
درەوشانەوەی مۆدریچ لەو یارییانەدا کە بەشدارییان تێدا دەکات بەردەوامە، بەڵام پێدەچێ ئیدی توانای جەستەیی وەکجاران بەدەم جادووی ئەو یاریزانەوە پێنەکەنێت.
 
کارلۆ ئەنچیلۆتی دوای یارییەکەی سێڤییا پەسنی لۆکایدا، ئەو گوتی، "دڵخۆشبووین بە مۆدریچ چونکە شایستەی ئەوەبوو، ئەو گۆڵێکی تۆمارکرد کە بەهۆیەوە سەرکەوتنمان بەدەستهێنا".
 
کارلۆ زیاتر گوتی، "ئەمڕۆ لۆکا لە دۆخێکی باشدابوو، قورسە ئەو لەسەر کورسیی یەدەگ دابنێین، هەموو رۆژ باش مەشقدەکات و نموونەیە بۆ هەمووان".
 
راهێنەری ریال مەدرید، جارێکی دیکە خۆی لە دەستنیشانکردنی داهاتووی مۆدریچ پاراست، ئەو گوتی "کارەکە لە دەستی لۆکادایە، ئێمە دەبێ چاوەڕێی بڕیاری ئەو بین، ئەو دەزانێ دەبێ چی بکات".
 
قسەکانی راهێنەری ریال مەدرید، هاوکاتبوون لەگەڵ ئەو دەنگۆیانەی باس لە داواکاریی ئەو دەکەن، بۆ کارکردنی لۆکا مۆدریچ لە وەرزی داهاتووەوە لە نێو دەستەی مەشقدەرانی ریال مەدرید، بەڵام کارلۆ گوتی، "ناتوانم بچمە ناو مێشکییەوە تابزانم چیدەکات، ئەو کەسێکی نموونەییە و من زۆر پێی سەرسامم".
 
لە نێو مشتومڕ و ناڕوونیی داهاتووی مۆدریچدا، هەندێک سەرچاوە باسیان لەوە کردووە کە یانەی دینامۆ زاگریب، کە یانەی منداڵیی و زەمینەی ناساندنی لۆکا بوو بەجیهان، ویستی گێڕانەوەی ئەو یاریزانەی بۆ ریزەکانی هەیە، بەڵام هێشتا مۆدریچ هەنگاوی داهاتووی خۆی لەبەردەم هیچکام لە بژاردەکاندا یەکلانەکردووەتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە