رووداو دیجیتاڵ
رووداوێکی مشتومڕ هەڵگر لە یاریی نێوان ریال مەدرید و سێڤییا روویداوە و ئەگەری هەیە بەو هۆیەوە یارییەکە دووبارە بکرێتەوە.
لە گەڕی 26ـی لالیگادا، یانەی ریال مەدرید میوانداریی سێڤییای کرد و یارییەکەی بە گۆڵێكی بێوەڵام لێبردەوە. لە کاتی یارییەکەدا ئیسیدرۆ دیاز دی مێرای ناوبژیوانی یەکەم تووشی پێکان دەبێت و ناتوانێت لە بەڕێوەبردنی یارییەکە بەردەوامبێت، بەوهۆیەوە کارلۆس فێرناندێز بوێرگۆی ناوبژیوانی چوارەم شوێنی گرتەوە و وەک ناوبژیوانی یەکەم یارییەکەی بەڕێوەبرد.
کێشەکە کاتێک دەستپێدەکات کە ناوبژیوانی پێشووی ئیسپانی خاڤی ئێسترادا فێرناندێز لە تویتێکدا رایگەیاند کە بەپێی یاساکانی ناوبژیوانان، بوێرگۆ نەدەبووایە ئەو یارییە بەڕێوەببات لەبەر ئەوەی ئەو ناوبژیوانە مۆڵەتی پێویستی نییە بۆ بەڕێوەبردنی یارییەک کە سیستمی ڤاری تێدا بەکاربێت.
فێرناندێز وێنەیەکی یاسایەکی (IFAB)ـی داناوە کە تێیدا هاتووە "پێش تەواوکردنی خوێندنی پێویست، فیفا و ئایفاب مۆڵەتی بەکارهێنانی ڤار بەهیچ کەسێک نادات"، هەروەها فێرناندێز ئاماژەی بەوەشکردووە کە ئەو کارە لە دژی مادەی 189ـی یاساکانی ناوبژیوانان بووە و دەرگا بۆ ئەگەری دووبارەکردنەوەی ئەو خولەکانەی یارییەکە دەکاتەوە کە لەلایەن بوێرگۆوە بەڕێوەبراون، کە ئەو ناوبژیوانە لە خولەکی 61ـەوە ئەرکی بەڕێوەبردنی یارییەکەی گرتە دەست.
ئەم رووداوە لە کاتێکدایە کە بابەتی هەژمارکردنی گۆڵەکەی ریال مەدرید مشتومڕی نایەوە و خیسوس ناڤاسی یاریزانی سێڤییا لە دوای یارییەکە رایگەیاند کە دەبووایە ئەو گۆڵە بەهۆی ئۆفسایدەوە رەتکرابایەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ