رووداو دیجیتاڵ
کیلیان ئێمباپێ، یەکەم هاتریکی بەدرێسی یانەی ریال مەدریدەوە تۆمارکرد و سەرکردایەتیی یانەکەی کرد بۆ بەهێزکردنی شوێنی خۆی لە پلەی یەکەمی ریزبەندی لالیگادا.
لە رکابەرییەکانی گەڕی 21ـی خولەکەدا، ریال مەدرید لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر ڤایادۆلید یارییکرد و بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر سێ خاڵی یارییەکەی بردەوە.
لە خولەکی 29 کیلیان ئێمباپێ کۆتایی بە بێدەنگیی ریال مەدرید هێنا و گۆڵی پێشکەوتنی بۆ یانەی شاهانە تۆمارکرد، نیوەی یەکەمی یارییەکە تەنیا ئەو گۆڵەی بەخۆیەوە بینی.
لە خولەکی 56 ئەستێرە فەرەنسییەکە گۆڵی دووەمی خۆی و ریال مەدریدی تۆمارکرد، یانەی شاهانەی زیاتر لە بردنەوەی یارییەکە نزیککردەوە.
لێدانێکی سزا بۆ ریال مەدرید هەژمارکرا، لە خولەکی 90 ئێمباپێ گۆڵی سێیەمی تۆمارکرد و ریال مەدرید یارییەکەی بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر بردەوە.
ئەمە یەکەم هاتریکی کیلیان ئێمباپێیە بە درێسی یانەی ریال مەدریدەوە و گۆڵەکانی لەم وەرزەی لالیگادا گەیاندە 12 گۆڵ و لە دوایین 5 یارییدا یاریزانە فەرەنسییەکە 8 گۆڵی بۆ لۆس بلانکۆس تۆمارکردووە.
ریال مەدرید پازدەیەم بردنەوەی لەم وەرزەدا تۆمارکرد و ژمارەی خاڵەکانی لە پێشەنگی ریزبەندی لالیگا بۆ 49 خاڵ بەرزکردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ