شێڤچینکۆ بووە سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئۆکراینا

26-01-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ئاندرێ شێڤچینکۆ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئاندرێ شێڤچینکۆ، ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی ئۆکراینا و یانەکانی ئەیسی میلان و چێڵسی، بووە سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی وڵاتەکەی.
 
رۆژی پێنجشەممە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئۆکراینا ئەنجامدران، لە کۆی 94 دەنگ لە هەڵبژاردنەکاندا، ئاندرێ شێڤچینکۆ، هێرشبەر و گۆڵکاری پێشووی ئەو وڵاتە 93 دەنگی بەدەستهێنا و بەفەرمی بووە سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی وڵاتەکە.
 
دوای بردنەوەی ئەو پۆستە، شێڤچینکۆ لە پەیامێکدا گوتی "چاوەڕێی ئەزموونێکی گەورە و بەرپرسیارەتییەکی گەورە دەکەم، کاردەکەم بۆ بەرەوپێشبردنی تۆپی پێی ئۆکراینا لە خراپترین دۆخدا لە مێژوویدا ئۆکراینادا."
 
گۆڵکاری پێشووی ئۆکراینا زیاتر گوتی "گرنگترین شت ئەوەیە لە کارکردندا دەستپاک پاک بین و شانازی بەوەوە دەکەم کە ئەم متمانەیەم پێدراوە."
 
ئاندرێ شێڤچینکۆ، یەکێک لە دیارترین ناوەکانی نێو وەرزشی ئۆکراینایە، پێشتر لە یانەکانی ئەیسی میلان و چێڵسی یارییکردووە و خولی یاەن پاڵەوانەکانی ئەوروپای لە 2003 لەگەڵ یانەی ئەیسی میلان بەدەستهێناوە، جگە لەوەش لەسەر ئاستی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی 111 یاریی ئەنجامداوە و بە تۆمارکردنی 98 گۆڵ، گۆڵکاری مێژوویی هەڵبژاردەی وڵاتەکەیەتی.
 
شێڤچینکۆ چەندین دەستکەوتی گەورەی وەک یاریزان بەدەستهێناوە، ساڵی 2003 خەڵاتی باشترین یاریزانی جیهانی بەدەستهێناوە و یەکەم ئۆکراینییە باڵۆن دۆر بباتەوە.
 
یەکەم کاری ئاندرێ وەک سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئۆکراینا کارکردن دەبێت، بۆ سەرخستنی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی بۆ یۆرۆی 2024 کە دەبێت لە پاشکۆکاندا سەرکەوتن بەدەستبهێنێت بۆ ئەوەی بگاتە ئەو پاڵەوانێتییە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە