نۆتینگهام فۆرێست تووڕەیە و دەیەوێت ناوبژیوانێک دووربخرێتەوە

25-12-2023
ئاسوودە پێشەوا
نیشانەکردن پرێمەرلیگ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
یانەی نۆتینگهام فۆرێستی ئینگلیزی سکاڵای فەرمی پێشکێشی دەستەی ناوبژیوانانی پرێمەرلیگ دەکات و دەیەوێت یەکێك لە ناوبژیوانەکان لە بەڕێوەبردنی یارییەکانی ئەو یانەیە دووربخرێتەوە. 
 
لە درێژەی یارییەکانی گەڕی 18ـی پرێمەرلیگ، یانەی نۆتینگهام فۆرێست لە یاریگەی سیتی گراوند میوانداری بۆرنمۆسی کرد و یارییەکەی بە ئەنجامی 3-2 پێدۆڕاند، لە خولەکی 23ـی یارییەکەدا رۆب جۆنس، ناوبژیوانی یارییەکە بەهۆی فاوڵێکەوە دووەم کارتی زەردی بەڕووی ویڵی بۆڵی، بەرگریکاری فۆرێست بەرزکردەوە و یاریزانەکەی کردە دەرەوە. 

 

ئەو بڕیارەی ناوبژیوان مشتومڕێکی زۆری هەڵگرت بە تایبەتی کە لە دیمەنی فاوڵەکەدا دەردەکەوێت کە بۆڵی تۆپەکە وەردەگرێت و دواتر یاریزانێکی بۆرنمۆس پێ لەسەر پێی بۆڵی دادەنێت کە لەم رووداوەدا ناوبژیوان دەبوایە فاوڵ لە بەرژەوەندی بۆڵی هەژماربکات، بەڵام ئەو بەپێچەوانەوە دووەم کارتی زەردی بەڕووی بەرگریکارەی فۆرێست بەرزکردەوە و ئەمەش بە هۆکارێکی سەرەکی دۆڕانی یانەی میواندار دادەنرێت، دوای یارییەکە فۆرێست سکاڵای فەرمی پێشکێش کرد و داوای پەیوەندی نێوان ناوبژیوانی یارییەکە و ژووری ڤار دەکات، هەروەها دەیەوێت جۆنس لە بەڕێوەبردنی یارییەکانی ئەو یانەیە دووربخرێتەوە.

 

 

 
بەپێی میدیاکانی بەڕیتانیا، هاوەرد وێب، سەرۆکی دەستەی ناوبژیوانانی پرێمەرلیگ پەیوەندی بە نونۆ سانتۆ، راهێنەری یانەی نۆتینگهام فۆرێست کردووە و پێی راگەیاندووە کە جۆنس هەڵەی کردوە لەوەی بۆڵی لە یارییەکەدا کردووەتە دەرەوە.
 
ئەمە جاری یەکەم نییە لەم وەرزەدا فۆرێست سکاڵا لە دژی جۆنس دەکات، یانەکە لە سەرەتاکانی وەرزی ئەمساڵدا لە یارییەکەیان بەرامبەر مانچێستەر یونایتد یاریزانێکیان بە کارتی سوور کرایە دەرەوە و لە دوایین خولەکەکانی یارییەکەدا لێدانێكی سزای مشتومڕ هەڵگریان لە دژ هەژمارکرا، کە لەو یارییەدا جۆنس ناوبژیوانی ژووری ڤار بوو، ئەمەش وایکرد فۆرێست سکاڵای فەرمی پێشکێش دەستەی ناوبژیوانانی پرێمەرلیگ بکات.
 
لە دوای دەرکردنی بۆڵی لە یارییەکەی بۆرنمۆس، جۆنس نەیتوانی بگەڕێتەوە بۆ ڤار و سەیری دیمەنەکە بکاتەوە، چونکە دەرکردنی یاریزانەکە بەهۆی دووەم کارتی زەرد بوو نەوەك کارتی سووری راستەوخۆ، کە بەپێی یاسا لەو کاتەدا ڤار ناتوانێت دەستوەردان لە بڕیارەکەی ناوبژیوان بکات.
 
دوای یارییەکە نونۆ سانتۆ ناڕەزایەتی بەرامبەر ئەو یاسایە دەربڕی و گوتی "ئەوەی زیاتر بێزار و توڕەم دەکات ئەوەیە کە لەلایەکەوە بڕیارەکەی ناوبژیوان هەڵەبوو و لە لایەکی دیکەشەوە یاسا دەڵێت ڤار ناتوانێت لە رووداوی لەم شێوەیەدا بڕیارەکە بگۆڕێت، چونکە دەرکردنی یاریزانەکە بەهۆی وەرگرتنی دووەم کارتی زەردە، ئەمە شتێکە کە دەبێت چاوی پێدابخشێنرێتەوە چونکە هیچ مانایەکی نییە".
 
ئەم ئەنجامە یانەی نۆتینگهام فۆرێتست لە پلەی 17ـی پرێمەرلیگدا دەهێڵێتەوە و بۆرنمۆسیش لە پلەی 12ـیە و لە دوایین شەش یارییدا هیچ شكستێکی تووش نەبووە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە