رووداو دیجیتاڵ
یاریی هەڵبژاردەکان کۆتایی هات و پرێمەرلیگ بە یەکێك لە بەهێزترین یارییەکانی ساڵ دەگەڕێتەوە.
دوای کۆتایی هاتنی هەفتەی فیفا، ئەمڕۆ هەفتەی 13ـی پرێمەرلیگ دەستپێدەکات و لە یاریی لووتکەدا، یاریگەی ئیتیحاد دەبێتە گۆڕەپانی رووبەڕووبوونەوەی مانچێستەر سیتی و لیڤەرپوول.
بینینی مانچێستەر سیتی لە پێشەنگی ریزبەندیی پرێمەرلیگ جێگەی سەرسوڕمان نییە. سیتیزنس لە 12 یاریدا نۆ بردنەوە و دوو دۆڕان و یەکسانبوونێکی هەیە و بە 28 خاڵ لە پلەی یەکەمی ریزبەندیی پرێمەرلیگ دێت.
لیڤەرپوول دوای ئەوەی وەرزی رابردوو لە پلەی پێنجەمی پرێمەرلیگ هات و نەیتوانی بۆ چامپیۆنزلیگ سەربکەوێت، لەم وەرزەدا توانیویەتی بگەڕێتەوە سەر ئاستی راستەقینەی خۆی و لە 12 یاریدا هەشت بردنەوە و سێ یەکسانبوون و دۆڕانێكی هەیە و بە 27 خاڵ لە پلەی دووەمی ریزبەندی دێت.
مانچێستەر سیتی و لیڤەرپوول بە بەهێزترین دوو یانەی ئینگلیزی دادەنرێن لە دەیەی رابردوودا. دوایین شەش نازناوی پرێمەرلیگ لە نێوان ئەم دوو یانەیەدا دەرنەچووە و لە دوایین شەش ساڵیشدا پێنج جار بۆ یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگ سەرکەوتوون.
ئەم یارییە تەنیا رووبەڕووبوونەوەی دوو یانەی بەهێز نییە، بەڵکو رکابەری و رووبەڕووبوونەوەی دوو لە باشترین راهێنەرەکانی مێژووش لەخۆ دەگرێت. یۆرگن کڵۆپ و پێپ گواردیۆلا هەمیشە بە رکابەری سەرسەختی یەکدی دادەنرێن و راهێنەرە ئەڵمانییەکە لە چەندین لێدوانیدا رایگەیاندووە کە پێپ باشترین راهێنەری جیهانە، گواردیۆلاش جەختی لەوە کردووەتەوە کە کڵۆپ بەهێزترین رکابەرە لە کاروانی راهێنەرایەتیدا رووبەڕووی بوبێتەوە.
لە ماوەی رووبەڕووبوونەوەیاندا لە ئەڵمانیا و ئینگلتەرا، کڵۆپ 11 بردنەوەی بەرامبەر گواردیۆلا بەدەستهێناوە کە هیچ راهێنەرێکی دیکە نەیتوانیوە ئەو ژمارەیە دژی گواردیۆلا تۆماربکات. بەهەمان شێوە، پێپ بە 10 بردنەوە زۆرترین جار کڵۆپی تووشی شکستکردووە بەراورد بە راهێنەرانی دیکە.
ئەم یارییە گرنگییەکی زۆری بۆ هەردوو یانە هەیە، سیتیزنس دەیەوێت بە بردنەوەی یارییەکە جیاوازی لەگەڵ لیڤەرپوول بۆ چوار خاڵ زیاد بکات و پێگەی خۆی لە پێشەنگی ریزبەندی قایمتربکات. لیڤەرپوولیش دەیەوێت بە بەدەستهێنانی سێ خاڵی یارییەکە بۆ پێشەنگی ریزبەندی سەرکەوێت و جارێکی دیکە رکابەری لەسەر نازناوی پرێمەرلیگ بکات.
پێکهاتەی پێشبینی کراوی هەردوو یانە:
مانچێستەر سیتی:
گۆڵپارێز؛ ئێدێرسۆن
بەرگری؛ واکەر، روبن دیاز، گڤاردیۆل، ئاکێ
ناوەڕاست؛ ماتیۆس نونێز، رۆدری، سیلڤا
هێرشبەر؛ دۆکو، هالاند، ئالڤارێز
لیڤەرپوول:
گۆڵپارێز؛ ئالیسۆن
بەرگری؛ ئارنۆڵد، کۆناتێ، ڤان دایك، تسیمیکاس
ناوەڕاست؛ سۆبۆزلیا، ماك ئالیستەر، گراڤنبێرك
هێرشبەر؛ سەڵاح، داروین نونێز، لویس دیاز
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ