تۆنالی نیوکاسڵ و میلان تووشی کێشەیەکی گەورە دەکات

25-10-2023
ئاسوودە پێشەوا
نیشانەکردن ئەیسی میلان نیوکاسل یونایتد ساندرۆ تۆنالی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دوای ئەوەی ساندرۆ تۆنالی، یاریزانی یانەی نیوکاسڵ یونایتد دانی بەوەدانا کە لە پێشوودا کاتێك یاریزانی ئەیسی میلان بووە گرەوی لەسەر یارییەکانی یانەکەی کردووە، ئەمڕۆ چەند میدیایەکی ئیتاڵیا رایانگەیاند کە یاریزانەکە بۆ ماوەی 10 مانگ لە یاریکردن دووردەخرێتەوە و دەبێت بۆ ماوەی 8 مانگ بەشداری لە چارەسەری دەروونی بۆ وازهێنان لە قومار بکات.
 
پارێزەرەکانی تۆنالی خەریکی دانوستاندنن لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئیتاڵیا لەبارەی سزاکەی تۆنالی کە پێشبینی دەکرێت 10 مانگ بێت.لە ئەگەری سەپاندنی سزاکە، ئەم وەرزەی پرێمەرلیگ بۆ تۆنالی کۆتایی دێت و تەنانەت ناتوانێت بەشداری لە پاڵەوانێتی یۆڕۆشدا بکات لە ساڵی 2024 لە ئەگەری سەرکەوتنی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا. 
 

 

کێشەکە گەورەتر دەبێت
 
ساندرۆ تۆنالی لە هاوینی 2023 بە گرێبەستێك بە بڕی 64 ملیۆن یۆڕۆ لە یانەی میلانەوە پەیوەندی بە یانەی نیوکاسڵ یونایتدەوە کرد.
 
تەنیا دوای سێ مانگ لە یاریکردن بۆ یانە ئینگلیزییەکە، پێشبینی دەکرێت تا کۆتایی وەرز سزا بدرێت و ئەمەش یانەکەی نیگەران کردوە بە تایبەتی دوای ئەوەی ئەو بڕە پارە زۆرەیان لە کڕینی یاریزانەکە خەرج کردووە، بۆیە یانەکە بڕیاریدا بە بڕینی موچەی تۆنالی لە ئەگەری جێبەجێکردنی سزاکە و بەپێی چەند میدیایەکی ئیتاڵیا، نیوکاسڵ بەوەوە ناوەستێت و هەڕەشە لە یانەی ئەیسی میلان دەکات بەوەی داوای یاساییان لەسەر تۆمار دەکات.
 
ئێمیلیانۆ کاردێنا، پارێزەر و شارەزا لە یاساکانی تۆپی پێ، روونی کردەوە کە لە ئەگەری تۆمارکردنی داوای یاسایی، تاکە مەترسی لەسەر میلان ئەوەیە کە بسەلمێنرێت یانەکە ئاگەداری گرەوکردنەکانی تۆنالی بووە و لە نیوکاسڵیان شاردووەتەوە لە کاتی فرۆشتنی یاریزانەکە بە یانە ئینگلیزیەکە. 
 
تۆنالی یەکەم وەرزییەتی لە پرێمەرلیگ و لەگەڵ نیوکاسڵ بەشداری لە 11 یارییدا کردووە و تەنیا یەك گۆڵی تۆمار کردووە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە