سەرۆکی ریال مەدرید کاژێری سفر بۆ گرێبەستەکەی ئێمباپێ دادەنێت

25-06-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن فلۆرێنتینۆ پێرێز کیلیان ئێمباپێ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدرید بەردەوامە لە کارکردن بۆ بەدەستهێنانی گرێبەستی کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی فەرەنسیی یانەی پاریس سانجێرمان لەم هاوینەدا.
 
بەگوێرەی سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان، پاریس سانجێرمان رەتیدەکاتەوە ئێمباپێ بۆ وەرزێکی دیکە لە پارکی شازادەکان بهێڵێتەوە، ئەگەر رازی نەبێت بە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی تاوەکو هاوینی 2025، و لەم هاوینەدا بۆ فرۆشتن دەیخاتە بازاڕەوە، چونکە نایەوێ لە هاوینی داهاتوودا بەبێ بەرامبەر بڕوات و پاداشتی مانەوەیشی پێبدرێت.
 
بەگوێرەی تۆڕی میدیایی دیفێنسا سێنتڕاڵی ئیسپانی، فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید داوای لە ئەندامانی کارگێڕیی یانەی شاهانە کردووە، کە بەنیازن بچنە پشوو لە دەرەوەی مەدرید، تا دەتوانن زوو بگەڕێنەوە، یان لانیکەم لەسەر هێڵ بن، بە ئامانجی بە خێرایی گەڕانەوەیان بۆ مەدرید، ئەگەر گرێبەستی کیلیان ئێمباپێ لەلایەن مێرینگێیەوە یەکلاییکرایەوە.
 
هەندێک لە میدیاکارانی نزیک لە فلۆرێنتینۆ پێرێز، پێیانوایە ئەم داواکارییەی سەرۆکی ریال مەدرید دیاریکردنی کاژێری سفرە بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ کیلیان ئێمباپێ.
 
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، پێرێس ئێستا هیچ سیناریۆیەک رەتناکاتەوە، بەپێچەوانەی هەفتەکانی پێشوو، بۆیە ئەو داوایەی لە ئەنجامانی کارگێڕیی یانەکەی کردووە.
 
تۆڕی میدیایی دیفێنسا سێنتڕاڵ، روونیشیکردەوە کە پێرێس ئەگەر گرێبەستەکەی ئێمباپێی یەکلاییکردەوە، بەنیازە رێوڕەسمێکی گەورە بۆ پێشکێشکردنی سازبکات، و دەیەوێت بە ئامادەبوونی سەرجەم ئەندامانی کارگێڕیی یانەی شاهانە بەڕێوەبچێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە