لێدوانی فەرمی باوکی نەیمار لەبارەی ئەلڤێشەوە

25-03-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن دانی ئەلڤێش
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

باوکی نەیمار داسیلڤا، رەتیدەکاتەوە پارەی ئازادکردنی دانی ئەلڤێش، ئەستێرەی بەرازیلی بدەن کە بەهۆی دەستدرێژیکردنی سێکسی بۆ سەر ئافرەتێک لە بارسێلۆنا لە زینداندایە.
 
هەفتەی رابردوو راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان رایانگەیاند، دانی ئەلڤێش بە کەفالەتی 1 ملیۆن یۆرۆ و مەرجی چوونە بەردەم دادگا لە هەموو هەفتەیەکدا ئازاد دەکرێت و نەیمار داسیلڤا، ئەستێرەی سیلیساو پارەی ئازادکردنەکەی دەدات، بەڵام باوکی ئەو یاریزانە ئەمە رەتدەکاتەوە.
 
باوکی نەیمار لە لێدوانێکدا دەڵێت "ئەمە بابەتێکە لەلایەن ماڵباتەکەی ئێمەوە کۆتاییهاتووە، من و کوڕەکەم خراوینەتە نێو پرسێک کە هیچ پەیوەندییەکی بە ئێمەوە نییە و لە دەست ئێمە دا نییە."
 
بەمەش ئەلڤێش بەهۆی نەدانی پارەی پێویستەوە ناچارە لە زینداندا بمێنێتەوە، بەتایبەت کە یاریزانەکە هیچ بڕە پارەیەکی نەماوە، کە دوای ئاشکرابوونی دەستدرێژیکردنە سەر خانمێک لە یەکێک لە یانە شەوانەکانی بارسێلۆنا هاوژینەکەی لێی جیابووەوە و رووبەڕووی کێشەی زۆر بووەوە.
 
ئینێس گواردیۆلا، پارێزەری دانی ئەلڤێش دەڵێت "دانی دوو هەژماری بانکیی لە ئیسپانیا هەیە، یەکێکیان هیچ پارەیەکی تێدانییە و ئەوەی دیکەشیان 51 هەزار یۆرۆی تێدایە، لەگەڵ دەستبەرداگرتنی 50 هەزار یۆرۆ لەلایەن دادگاوە.
 
پێشتر پارێزەرەکەی دانی گوتبووی "ئەلڤێش ئیفلاسی کردووە و هەژمارەکەی تەنیا 17 هەزار پاوەندی تێدایە، لەکاتێکدا پێشتر رایگەیێندرابوو کە سامانی ئەو یاریزانەی پێشووی بارسێلۆنا 47 ملیۆن پاوەندە.
 
دانی ئەلڤێش، ئەستێرەی بەرازیلی و پێشووی یانەکانی بارسێلۆنا، یوڤێنتوس و پاریس سانجێرمان، بەهۆی دەستدرێژیکردنە سەر ئافرەتێک سزای زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنراوە و تاوەکو ئێستا دیارنییە یاریزانەکە چۆن ئازاد دەکرێت، لەکاتێکدا دادگا بۆ ئازادکردنی بە کەفالەت داوای 1 ملیۆن یۆرۆ دەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە