ئارنی سلۆت: باوکیشم گلەیی لە لیڤەرپوول هەیە

25-01-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن ئارنی سلۆت یانەی لیڤەرپوول
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئارنی سلۆتی راهێنەری یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی ئاشکرایکرد باوکیشی گلەیی لە ئاستی لیڤەرپوول هەبووە.
 
سلۆت ئەگەرچی لەگەڵ لیڤەرپوولدا ئاستێکی نموونەیی پێشاندەدات و پێشەنگی پرێمەرلیگ و چامپیۆنزلیگیشە، بەڵام تیپەکەی لە دوایین یاریی خۆیدا لە پاڵەوانێتییە ئەورووپییەکە، دووچاری زەحمەتیی زۆر بووەوە.
 
لیڤەرپوول بەدرێژایی وەرزی ئەمساڵ تەنیا دوو یاریی لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکان دۆڕاندووە. لە دوایین یاریی خۆیدا لە چامپیۆنزلیگ، بە 2 - 1 گۆڵ لە یانەی لیلی فەرەنسی بردەوە.
 
سلۆت کە لەگەڵ تیپەکەیدا خۆی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئیپسویچ تاون لە پرێمەرلیگ ئامادە دەکات، ئاشکرایکردووە لە دوای یاریی لیڤەرپوول و لیل قسەی لەگەڵ باوکی کردووە و ئەویش لە ئاستی رێدز رازینەبووە.
 
سلۆت ئاشکرایکردووە، ئەوەی روویدا بۆ هاندەرانمان و باوکیشم جێگەی ناڕەحەتی و نادڵنیایی بوو.
 
سلۆت روونیکردووەتەوە دوای هەموو یارییەکی تیپەکەی، لەگەڵ باوکیدا قسە دەکات و دەڵێ "دوای یارییەکەی لیل کاتێک قسەم لەگەڵداکرد، گوتی یارییەکی سەرنجڕاکێشتان نەکرد، لە یارییەکانی دیکەی لیڤەرپوول نەدەچوو".
 
سلۆت دەڵێ، هەوڵمدا بیهێنمە سەر ئەو باوەڕەی کە ئەو جۆرە یارییانە، دەکرێ زۆر بەئاسانی بدۆڕێیت، ئەگەر سەرکەوتوو نەبیت لە دوورخستنەوەی مەترسی و ئەو زەحمەتییانەی دێنە بەردەمت کاتێک رووبەڕووی یارییەکی لەو شێوەیە دەبیتەوە، بەڵام ئەو هەر سووربوو لەسەر قسەکەی خۆی.
 
راهێنەری لیڤەرپوول داوای لە هاندەرانی یانەکەی کردووە ئارامبگرن کاتێک ئەمڕۆ رووبەرووی ئیپسویچ تاون دەبنەوە، دەڵێ، ناکرێ پێشبینی بکەیت هەموو یارییەک، تیپەکەت هەمان ئاست و توانای هەمیشەی هەبێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە