رووداو دیجیتاڵ
دادگای دادی ئەوروپی، وادەی کۆتایی بۆ یەکلاکردنەوەی چارەنووسی پاڵەوانێتیی سوپەرلیگ داناوە بڕیاری کۆتایی لەبارەی مانەوە یان نەمانەوەی ئەو پاڵەوانێتییە پێشبینیازکراوە دەدات.
سوپەرلیگ لە دوو ساڵی رابردوودا لەلایەن چەند یانەیەکی ئەوروپییەوە وەک پڕۆژەیەک بۆ پێشخستنی تۆپی پێ و بەهێزکردنی رکابەریی یانەکانی ئەوروپا و زیادکردنی داهاتیان خرایە روو، بەڵام فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا بەتووندی لە دژی وەستایەوە.
پێشەنگی پشتگیریکەران لە سوپەرلیگ، یانەکانی وەک ریال مەدرید، بارسێلۆنا و یوڤێنتوس بوون و دوای کشانەوەی یانەکانی دیکە لە پڕۆژەکە بەهۆی گوشاری یۆفاوە، ئەو سێ یانەیە لەسەر کارکردن بۆ بەکردەییکردنی پاڵەوانێتییەکە سووربوون.
چارەنووسی پاڵەوانێتییە پێشنیازکراوەکە کە ساڵی 2021 سەریهەڵدا، رووبەڕووی کێشەی زۆر بووەوە پاش ناڕەزایەتی و دژایەتیکردنی لەلایەن یۆفا و ئەلیکساندەر چیفێرینی سەرۆکیەوە و لە کۆتاییدا دۆسێیەکە برایە دادگا.
سەرچاوە رۆژنامەڤانییە ئەوروپییەکان ئاشکرایانکردووە، دادگای دادی ئەوروپی، بڕیاری کۆتایی خۆی لەبارەی چارەنووسی سوپەرلیگەوە لە رۆژی 21ی مانگی داهاتوو لە کاژێر 9:30ی بەیانیدا رادەگەیەنێت.
لە دۆسێیەکەی سوپەرلیگدا، یانە پشتگیریکەرەکان لە پاڵەوانێتییەکە، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا بەپێشێلکردنی یاساکانی تایبەت بە رێکخستنی پاڵەوانێتییە وەرزشییە ئەوروپییەکان تۆمەتبار دەکەن.
میدیاکان، بڕیاری دادگاکە بەچارەنووسساز ناودەبەن و دەڵێن، لەسەر بنەمای بڕیاری دادگاکە، دیمەنی تۆپی پێی ئەوروپا بۆ هەتا هەتایە دەگۆڕێت.
سەرچاوەکان دەڵێن، ئەگەر دۆسێیەکە بەلای یانە پشتگیریکەرەکانی پاڵەوانێتییەکەدا بشکێتەوە، ئەو یانانە دەتوانن لە وەرزی 2024 - 2025ەوە پاڵەوانێتی دڵخوازی خۆیان رێکبخەن، بەتایبەت کە ئەوان هیچ پلانێکیان نییە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا لەپێناو رێکخستنی پاڵەوانێتییەکی هاوبەشی نێوان هەردوولا.
سوپەرلیگ پێشنیازێکە بۆ ئەنجامدانی پاڵەوانێتییەکی بەهێزتر لە چامپیۆنزلیگ لە نێوان یانە گەورەکانی ئەوروپا کە بەردەوام یاریی بەهێز و رووبەڕووبوونەوەی یانە گەورەکانی تێدا دەبێت و بەوەش دەستەبەری بەرزبوونەوەی بینەرانی تۆپی پێی ئەوروپا دەکات و داهاتی یانەکانیش زیاد دەکات.
ئەگەرچی تاوەکو ئێستا، شێوازی کۆتایی پێشنیازکراو بۆ ئەنجامدانی پاڵەوانێتییەکە رووننەکراوەتەوە، بەڵام سێ یانە رێکخەرەکەی سوپەرلیگ، لە مانگی دووی ئەمساڵدا رایانگەیاند کە گۆڕانکارییان لە شێوازی رێکخستنی پاڵەوانێتییەکەدا کردووە و 60 یانە بەشداریی دەکەن.
بەپێی ئەوەی ئەو یانانە ئاشکرایانکردووە، هەر یانەیەکی بەشدار لە خولەکە لە وەرزێکدا 14 تاوەکو 20 یاریی ئەنجامدەدات و سیستمی دەستنیشانکردنی یانە بەشدارەکانی پاڵەوانێتییەکە، دادوەرانە و لەسەر بنەمای هەلی بەشداریی بۆ هەمووان دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ