بارسێلۆنا بۆ ناتوانێت ئۆڵمۆ تۆمار بکات؟

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن دانی ئۆڵمۆ بارسێلۆنا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی لە ئیسپانیا ئاشکرایکردووە، کە گومان هەیە دانی ئۆلمۆی یاریزانی تازەهاتوو بۆ ریزەکانی بارسێلۆنا ئەمڕۆ بەرامبەر ئاتلێتیک بیلباو یاری بکات، چونکە هێشتا ناوی تۆمار نەکراوە.
 
ئەمڕۆ بارسێلۆنا لە گەڕی دووەمی لالیگادا، میوانداریی یانەی ئاتلێتیک بیلباو دەکات و هانزی فلیکی راهێنەری بارسا هیواخوازە بتوانێت لەو یارییە گرنگەدا یاری بە ئۆڵمۆ بکات، کە لە یەکەم یارییدا نەیتوانی بەشداری پێبکات.
 
بەگوێرەی رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی، بارسێلۆنا هێشتا سەرکەوتوو نەبووە لە تۆمارکردنی ئۆلمۆ، سەرەڕای پێداچوونەوەی لالیگا بە بەڵگەنامەکانی پەیوەست بە گرێبەستی کۆمپانیای ئارمارک لەگەڵ بارسا، کە بڕی 40 ملیۆن یۆرۆی بە بلاوگرانا داوە.
 
زێدەباری رۆیشتنی ئیلکای گوندۆگان، کە دەبوو لە دوو وەرزی داهاتوودا 40 ملیۆن یۆرۆی پێبدات.
 
هاوکات لەگەڵ رۆیشتنی میکائیل فای کە پەیوەندی بە یانەی رێنی فەرەنسییەوە کرد، بارسێلۆنا هیواخواز بوو دوێنێ هەینی رێککەوتنی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ نایک تەواو بکات، کە هەموو کێشەکانی بارسێلۆنای تایبەت بە یاسای دارایی یاریی خاوێن چارەسەر دەکات و رێگە بە ئۆلمۆ دەدات بەبێ هیچ کێشەیەک ناوی خۆی تۆماربکات، بەڵام هەردوولا نەیانتوانی لەسەر هەموو وردەکارییەکان رێکبکەون، بۆیە ئەم رێککەوتنە دوادەخرێت، کە بەهۆیەوە بارسا بڕی 150 ملیۆن یۆرۆ وەک پاداشتی نوێکردنەوە و 90 ملیۆن یۆرۆ وەک نرخێکی جێگیر بۆ هەر وەرزێک وەردەگرێت.
 
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، بارسا هێشتا رێگەچارەیەکی لەبەردەستە بۆ تۆمارکردنی ئۆلمۆ، ئەویش دابینکردن و دانانی گەرەنتییەکی داراییە لەلایەن دەستەی بەڕێوەبەرایەتی یانەکە، وەک ئەوەی پێشتر بارسا بۆ تۆمارکردنی ژول کۆندێ و ئینیگۆ مارتینێز بەکارهێناوە. بۆیە دەبێت تا دوایین خولەکەکان چاوەڕێ بکەین، چونکە بارسا دەتوانێت چەند کاژێرێک پێش یارییەکە بەو شێوەی ناوی ئۆلمۆ تۆماربکرێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە