راهێنەری سعودیە: ئاساییە ژاپۆن هەوڵی بردنەوەی مۆندیال بدات

24-03-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن هێرڤی رێنار
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هێرڤی رێنار، راهێنەری هەڵبژاردەی سعودیە دەڵێت ئێمە بەرامبەر باشترین هەڵبژاردەی ئاسیا یاری دەکەین و چاوەڕێی یارییەکی گرنگ دەکەین.
 
رۆژی سێشەممە لە پاڵاوتنەکانی کیشوەری ئاسیا بۆ گەیشتن بە مۆندیال، هەڵبژاردەی سعودیە لە دەرەوەی یاریگەی خۆیدا بەرامبەر هەڵبژاردەی ژاپۆن یاری دەکات، ئەمە یەکێکە لە گرنگترین و بەهێزترین یارییەکان لەسەر ئاستی ئاسیا.
 
بەر لەم یارییە ژاپۆن وەکو یەکەم هەڵبژاردەی جیهان سەرکەوتنی بۆ مۆندیال مسۆگەر کردووە و سعودیەش دەیەوێت دەست بەو هیوایانەوە بگرێت کە بۆ گەیشتن بە مۆندیال هەیەتی.
 
هێرڤی رێنار، راهێنەری سعودیە بەر لە یارییەکە دەڵێت "سبەی چاوەڕێی یارییەکی گرنگ دەکەین، دەزانین ئێمە رووبەڕووی باشترین هەڵبژاردەی ئاسیا دەبینەوە و ئامادەین بۆ رکابەریکردن."
 
راهێنەری سعودیە زیاتر گوتی "لە چاو جامی کەنداوی رابردوو، ئاستی هەڵبژاردەی سعودیە گۆڕانکاریی زۆری بەسەردا هاتووە، بەرامبەر چین یارییەکی باشمان کرد و ئێستا دەتوانین باشتر سوود لەو هەلانە وەربگرین کە بۆمان رێکدەکەون."
 
هێرڤی متمانەی بە تیپەکەی دووپاتکردەوە، کە دەتوانن بگەنە یارییەکانی مۆندیالی داهاتوو، لەکاتێکدا سێ یارییان بەرامبەر ژاپۆن، بەحرەین و ئوسترالیا ماوە.
 
رێنار بە رۆژنامەڤانانی گوت "تۆپی پێ گۆڕاوە، ناتوانیت بەراوردی ئێستا لەگەڵ سێ ساڵ لەمەوبەر بکەیت، بەڵام پێویستە خۆمان بگونجێنین و بەردەوامبین لە رکابەریکردن بۆ بەدەستهێنانی بلیتی دووەم."
 
لەبارەی هەڵبژاردەی ژاپۆن و ویستی ئەوان بۆ بردنەوەی نازناوی مۆندیال لە داهاتوودا، راهێنەری سعودیە دەڵێت "ژاپۆن تیپێکی باشە، زۆر ئاساییە ئاستی خواستی ئەوان بەرزببێتەوە، چونکە خاوەنی یاریزانی زۆرباشن."
 
سعودیە لە دوای ئەنجامدانی 7 یاری لە پلەی سێیەمی کۆمەڵەی سێیەم خاوەنی 9 خاڵە و تەنیا یەک خاڵ لە ئوسترالیای دووەمەوە دوورە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە