رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی عێراق، یەکێک لە دێرینترین هەڵبژاردەکانی بەشدارە لە جامی کەنداودا، هەڵبژاردەکە یەکێک لە دیارترین هەڵبژاردەکانی پاڵەوانێتییەکەیە و خاوەنی دووەم زۆرترین نازناوە.
هەڵبژاردەی عێراق، 50 ساڵە لە جامی کەنداودا بەشدارە و بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1976 بەشداریی لە پاڵەوانێتییەکەدا کرد.
هەڵبژاردەکە پێشتر 17 جار بەشداریی لە پاڵەوانێتییەکەدا کردووە و ئەمە جاری هەژدەیەمە بەشداری دەکات.
بەشێوەیەکی گشتی تیپەکە لە 17 بەشداریی رابردوودا 76 یاریی لە پاڵەوانێتییەکەدا ئەنجامداوە، تیپەکە خاوەنی 38 بردنەوەیە، 25 جار یەکسانبووە و 13 یاریی دۆڕاندووە.
لە کاروانی یارییکردنیدا لە جامی کەنداو، هەڵبژاردەی عێراق 135 گۆڵی تۆمارکردووە و 69 جار تۆڕی گۆڵەکەی هەژێنراوە.
هەڵبژاردەی عێراق خاوەنی چوار نازناوی جامی کەنداوە، دووەم هەڵبژاردەیە لە دوای کوێت کە زۆرترین نازناوی بردبێتەوە، لە 1979 بۆ یەکەمجار لەژێر سەرپەرشتی عەمۆ بابا بووە پاڵەوان، دوای ئەوە لە 1984 و 1988 لەگەڵ هەمان راهێنەر نازناوەکەی بردەوە و ئەو راهێنەرە سێیەم نازناوی جامی کەنداوی بەدەستهێنا.
لە ساڵی 2023 لەژێر سەرپەرشتی خیسۆس کاساس، راهێنەری ئیسپانی، دوای 35 ساڵ دوورکەوتنەوە جارێکی دیکە عێراق بووە پاڵەوانی جامی کەنداو و لە بەسرە نازناوەکەی بردەوە.
ئەو کاتە لە ریزەکانی هەڵبژاردەکەدا، ئاسۆ رۆستەم، شێرکۆ کەریم و رێوان ئەمین یاریزانانی کورد لە ریزەکانی عێراقدا یاریی دەکرد و لەگەڵ هەڵبژاردەکە بوونە پاڵەوان.
عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە 23/9/2026 یەکەم یاریی خۆی لە جامی کەنداوی 27 ئەنجامدەدات و رووبەڕووی عومان دەبێتەوە، ئێستا پێنج یاریزانی کورد لە ریزەکانی هەڵبژاردەکەدا یاریی دەکەن، ئەوانیش؛ ئاکام هاشم، مێرخاس دۆسکی، یوسف ئیمام، محەممەد دلاوە و مستەفا قابیلن.




