چاڤی پەشیمان نییە لە بڕیاری رۆیشتن

24-02-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن چاڤی هێرناندێز بارسێلۆنا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

چاڤی هێرناندێز، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا، دووپاتیکردەوە کە بڕیارەکەی سەبارەت بە رۆیشتن لە بارسێلۆنا لە کۆتایی وەرزدا، بڕیارێکی دروستە و یانەکە پێویستی بە گۆڕانکارییە. گوتیشی "بردنەوە لە خیتافی ئارامیی زیاترمان پێدەبەخشێت".
 
ئەمڕۆ کاژێر 18:15 بە کاتی باشووری کوردستان، یانەی بارسێلۆنا لە گەڕی 26ـی لالیگادا، میوانداریی یانەی خیتافی دەکات و ئەگەر یارییەکە بباتەوە، دەچێتە پلەی دووەمی ریزبەندیی خولەکە.
 
چاڤی هێرناندێز، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا، قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و سەرەتا لە وەڵامی پرسیارێکدا، سەبارەت بە بڕیاری جێهێشتنی بارسێلۆنا لە کۆتایی ئەم وەرزەدا، گوتی "پێموایە بڕیاری رۆیشتنم بڕیارێکی دروست بوو، پێویست بوو. یانەکە و تیپەکە پێویستیان بە گۆڕانکارییە لە کۆتایی ئەم وەرزەدا. دەبینم کە تیپەکە باشتر بووە. یاریزانەکان هەنگاوێکیان بەرەو پێشەوە ناوە، ئێمە زیاتر رکابەرین. لە هەندێک کاتدا یاریی تۆپی پێی باشتر دەکەین". 
 
چاڤی سەبارەت گرنگیی یارییەکەیان بەرامبەر بە خیتافی، گوتی "بردنەوەی ئەم یارییە ئارامیی زیاترمان پێدەبەخشێت. هەفتەیەکی تەواو پشوودانمان دەبێت، چونکە تاوەکو یەکشەممەی دواتر یاریی دیکەمان نابێت. بێگومان ئەوە بۆ ئێمە باش دەبێت. هەروەها باش دەبێت بۆ ئەوەی بچینە پێشەوە، ئەگەر ببەینەوە، لە پلەی دووەمی ریزبەندی لالیگادا دەبین". 
 
ئەو زیاتر گوتی "کەمێک گوشار لەسەر جیرۆنا و ریال مەدرید زیاد دەکەین، چونکە دەبێت لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا یارییەکانیان ئەنجام بدەن. بەڵام ئەوەی پێویستە بیکەین ئەوەیە کە دەبێت کاری خۆمان بکەین و ئەم سێ خاڵە بەدەستبهێنین. بەڕاستی یارییەکی سەخت دەبێت بەرامبەر خیتافی".
 
دەربارەی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکیی هێرشبەری یانەکە، پرسیارێک لە چاڤی کرا و لە وەڵامیدا گوتی "پێموایە ئاستی لیڤاندۆڤسکی لە ئەنجامی باشتربوونی تەواوی تیپەکەیە. پێموایە تیپەکە لە زۆر لایەنی یارییەکەدا پێشکەوتنی بەدەستهێناوە. بۆیە رۆبێرت دەرفەتی گۆڵکردنی زیاتری بۆ دەڕەخسێت. لە دۆخێکی باشتردایە. ئێمە لە پێگەیەکی باشتردا هێرش دەکەین و بەرگری دەکەین. هەموو ئەمانە وادەکەن هەموو یاریزانێک ئاستێکی باشتر پێشکێش بکات". 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە