رووداو دیجیتاڵ
یانەی دهۆک لەبەردەم هەلێکی گەورە و مێژووییدایە، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە لەسەر ئاستی دەرەوە بەشداری لە پاڵەوانێتییەکدا بکات، کە پێشتر هەرگیز بەشداریی لەم پاڵەوانێتییەدا نەکردووە.
ئەمڕۆ لە یاریی کۆتایی قۆناخی پلەی ئۆفدا لە رکابەرییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق، یانەی دهۆک لە یاریگەی شەعب لە بەغدا بەرامبەر یانەی نەجەف یاریی دەکات، براوەی ئەو یارییە بەشداری لە پاڵەوانێتیی جامی کەنداوی عەرەبیدا دەکات، کە پێشتر هەردوو یانە بەشدارییان نەکردووە و دەیانەوێت بە سەرکەوتن بۆ ئەو پاڵەوانێتییە مێژوو تۆماربکەن.
یانەی دهۆک لە قۆناخی رابردووی پلەی ئۆفدا، بەهۆی کشانەوەی یانەی زەورا لە یارییەکە، بەبێ ئەنجامدانی یاری سەرکەوتنی بەدەستهێنا، یانەی نەجەف بەلێدانەکانی یەکلاکەرەوە لە یانەی زاخۆی بردەوە و هەردوو تیپ گەیشتنە قۆناخی کۆتایی.
دهۆک کەمتر ماندوو بووە و کاتێکی زیاتری بۆ خۆ ئامادەکردن هەبووە، یانەکە بۆ ئەم یارییە لە تواناکانی هەریەکە لە نورۆ سۆلێ، محەممەد مەعەن، عوسمان سانێ و روبن ئاکوا بێبەش دەبێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەش تیپەکە ئامادەیە.
ئەحمەد خەلەف، راهێنەری یانەی دهۆک بە رووداو گوت "تیپەکەی بۆ ئەم یارییە ئامادەیە و هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی هاندەرانیان دڵخۆشبکەن و سەرکەوتنێکی مێژوویی بەدەستبهێنن."
لەلایەن خۆیەوە عەبدوڵڵا جەلال، سەرۆکی یانەی دهۆک، لە رێگەی رووداوەوە سوپاسی هاندەرانی یانەکەی دەکات کە رێگەیەکی دووریان بڕیووە بۆ ئەوەی پاڵپشتی تیپەکە بکەن لەم یارییە گرنگەدا و داوادەکات بە گیانێکی وەرزشیانەی بەرز پاڵپشتی یانەکە بکەن.
لە یانەی نەجەف، سەرهەنگ موحسین، گۆڵپارێزی بەنێوبانگی کورد، ئەستێرەیەکی دیاری تیپەکەیە، لە یاریی رابردوودا بە ئاستێکی بەرزەوە بەرامبەر زاخۆ دەرکەوت و هاوکاریی تیپەکەی کرد بۆ گەیشتن بەم قۆناخە، لەبارەی رووبەڕووبوونەوەی یانە کوردستانییەکان دەڵێت "رووبەڕووبوونەوەکان وەکو خەمێکی گەورە وابوو، بەڵام لەگەڵ خەمەکان راهاتین، یارییەکان بەرامبەر یانە کوردستانییەکان تایبەتمەندییەکی دیکەیان هەیە، بەڵام وەکو هەر یارییەکی دیکە سەیری دەکەین و گرنگی بە هەموو ئەو یانانە دەدەین کە رووبەڕوویان دەبینەوە."
یاریی نێوان هەردوو یانەی دهۆک و نەجەف، کاژێر 19:30 راستەوخۆ لە پەیجی رووداو سپۆرتس و رووداو عەرەبییە، بە کۆمێنتاریی کوردی عەبدولسەمەد خۆشناو و کۆمێنتاری عەرەبی لاوین هابیل دەگوازرێتەوە.
لە ئەگەری تەواوبوونی یارییەکە بەیەکسانبوون، راستەوخۆ هەردوولا پەنادەبەنە بەر لێدانەکانی یەکلاکەرەوە بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو یانەیەی دەگاتە پاڵەوانێتیی جامی کەنداو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ