چیرۆکی پێکانەکەی سەڵاح و ناڕەزایەتیی میسرییەکان

23-01-2024
ئاسوودە پێشەوا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
پرسی پێکانی محەممەد سەڵاح، لە میانەی بەڕێوەچوونی یارییەکانی جامی نەتەوەکانی ئەفریقا، کاردانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا، بەشێکی میسرییەکان لە دژی ئەو ئەستێرەیەی هەڵبژاردەکەیان دەوەستنەوە.
 
لە جامی نەتەوەکانی ئەفریقا، لە یاریی دووەمی قۆناخی کۆمەڵەکاندا هەڵبژاردەی میسر رووبەڕووی غانا بووەوە، یارییەکە بە دوو گۆڵ بۆ هەردوو هەڵبژاردە کۆتاییهات، لە کۆتاییەکانی نیوەی یەکەمی یارییەکەدا محەممەد سەڵاح تووشی پێکانێکی قورس دەبێت لە رانیدا و ناتوانێت یارییەکە تەواوبکات.
 
ئەستێرە میسرییەکە نەیتوانی بەشداری لە دوایین یاریی هەڵبژاردەکەی بکات، کاتێک میسر بە ئەنجامی 2-2 بەرامبەر کەیپ ڤێردی یەکسانبوو و سەرکەوت بۆ قۆناخی داهاتوو، یانەی لیڤەرپوول رایگەیاند کە رۆژی چوارشەممە سەڵاح کامپی هەڵبژاردەکەی بەجێدەهێڵێت و دەگەڕێتەوە یانەکەی بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی پێویست و چاکبوونەوە لە پێکانەکەی، کە پێشبینی دەکرێت نەتوانێت بەشداری هیچ یارییەکەی دیکەی جامەکە بکات.  
 
وائیل جومعە، بەرگریکاری پێشووی هەڵبژاردەی میسر تووڕەیی خۆی بەرامبەر جێهێشتنی هەڵبژاردەی میسر و گەڕانەوەی یاریزانەکە بۆ لیڤەرپوول دەردەبڕێت و دەڵێت "ئەو رووداوە لە سەرەتاوە تاوەکو کۆتایی هەڵەیەکی گەورە بوو، بەڕاستی ئەوە شەرمەزارییە. هەموو ئەو شتانەی ئێستا لە هەڵبژاردەی میسر روودەدەن، پێشاندەری دۆخی تۆپی پێن لە وڵاتەکەدا."
 
جومعە زیاتر دەڵێت "سەڵاح هەڵەیەکی کرد، هیچ کەسێکیش ئەوە رەت ناکاتەوە، ئەو بەشێک لە بەرپرسیارێتییەکە هەڵدەگرێت. گەورەیی هەڵەکەی سەڵاح ئەو کاتە دەردەکەوێت کە جۆری پێکانەکەی و ماوەی دوورکەوتنەوەی دیاریدەکرێت، ئەگەر ئەو بۆ ماوەیەکی زۆر دووربکەوێتەوە ئەوا خۆی و ئەوانەی دەورووبەری لە دەنگۆ و قسە و باس رزگاردەکات."
 
ئەحمەد حەسەن، ناوەڕاستکاری پێشووی هەڵبژاردەی میسر و چوار جار پاڵەوانی جامی نەتەوەکانی ئەفریقا، بەهەمان شێوە ناڕەزایەتی خۆی بەرامبەر بڕیارەکەی سەڵاح دەردەبڕێت و دەڵێت "من هەمیشە پشتگیری سەڵاحم کردووە و لە ئاستی ئەو وەک کاپتنی هەڵبژاردەکە رازیبووم. من کێشەم لەگەڵ قسەکانیدا نەبوو، بەڵام دەرکەوت کە ئەو پلانی رۆشتنی لە کامپی هەڵبژاردەی میسر دانابوو."
 
ئەفسانەکەی پێشووی میسر زیاتر دەڵێت "ئەو دەیتوانی یەکێک لە ئەندامانی دەستەی پزیشکی یانەی لیڤەرپوول لەگەڵ خۆی بهێنێت بۆ ئەوەی بە درێژایی پاڵەوانێتییەکە لەگەڵیدا بێت. ئەو کاپتنی هەڵبژاردەکەیە، دەبێت بەهەر جۆرێک بێت لەگەڵ تیپەکە بمێنێتەوە، تەنانەت ئەگەر یەک قاچیشی پێوەمابێت."
 
ئەمە لە کاتێکدایە کە هەڵبژاردەی میسر تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە ئەو ئاستە پێشکێش بکات کە هاندەرانی چاوەڕێی دەکەن، لەو سێ یارییەی هەڵبژاردەکە ئەنجامیداون هەر سێکیان بە ئەنجامی 2-2 کۆتایی هاتوون و تاوەکو ئێستا هیچ بردنەوەیەکی تۆمارنەکردووە، لەدەستدانی سەڵاحیش رەنگە ئەرکی هەڵبژاردەکە لە جامی نەتەوەکانی ئەفریقا قورستر بکات.
 
لەبەرامبەر ناڕەزایەتیی میسرییەکان و هێرشکردنیان بۆ سەر محەممەد سەڵاح، لە یانەی لیڤەرپوول هەمووان پاڵپشتی ئەو یاریزانە دەکەن و پیپی ریندەرز، یاریدەدەری یۆرگن کڵۆپ، راهێنەری ئەو یانەیە دەڵێت "ئەوەی نابێت گومانت لە پابەندبوونی هەبێت محەممەد سەڵاحە، بڕیاری گەڕاندنەوەی ئەو بۆ لیڤەرپوول بۆ ئەوەیە کە باشترین هەلی پێبدەین بۆ ئەوەی ئەگەر میسر گەیشتە یاریی کۆتایی، بۆ یارییەکە ئامادەبێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە