رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیایەک لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ پاداشت و هاوکاری یانەی وەرزشی زاخۆ دەکات.
لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا یانەی زاخۆ بە ئاستێکی بەرزەوە دەردەکەوێت، یانەکە بە کۆکردنەوەی 37 خاڵ پلەی سێیەمی خولەکەی گرتووە و لەو 22 یارییەی ئەنجامیداوە، نۆ بردنەوە، 10 یەکسانبوون و سێ شکستی هەیە.
کۆمپانیای هەسنیانی کە لەلایەن خالید هەسنیانییەوە خاوەندارێتی دەکرێت، بڕی 20 ملیۆن دیناری عێراقی دەدات بە یانەی زاخۆ، ئەمەش وەک پاداشتێک بۆ بۆ سەرکەوتن بەسەر یانەی نەورۆزدا لە خولی ئەستێرەکانی عێراق و هەروەها بۆ ئەو ئاستە بەرزەی یانەکە بەشێوەیەکی گشتی لەم وەرزەی خولەکەدا پێشکێشی دەکات.
لای خۆیەوە دڵژار عەدنان، ئەندامی دەستەی کارگێڕی یانەی زاخۆ لە لێدوانێکیدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو دەڵێت "ئێمە دەستخۆشی لەو کارەی کۆمپانیای هەسنیانی دەکەین کە بڕی 20 ملیۆن دیناری عێراقی بەخشییە یانەی زاخۆ، ئەوان ساڵی رابردووش بەهەمان شێوە یارمەتییان داین و هاوکارییان کردین. ئەم کارەیان وەک پاداشتێکە بۆ ئەنجامە باشەکانی یانەکەمان لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا و هەروەها بۆ بردنەوەیە لە یانەی نەورۆز کە لە دوایین یاریماندا لە خولەکە رووبەڕوویان بووینەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ