رووداو هەولێر
بەڕێوەبەری تایبەتی کریستیانۆ رۆناڵدۆ هەڕەشە لە راسموس هۆیلاندی هێرشبەری دانیمارکی دەکات، لەبەرئەوەی پێیوایە ئەو یاریزانە بەئەنقەست ویستوویەتی گاڵتە و سووکایەتی بە کریستیانۆ رۆناڵدۆ بکات. هویلاندیش رەتیدەکاتەوە مەبەستی لە ئاهەنگگێڕان لەسەر شێوازی رۆناڵدۆ گاڵتەجاڕی بێت.
ریکاردۆ ریگۆڤ، بەڕێوەبەری کارەکان و بەڕێوەبەری تایبەتی ئەفسانەی پۆرتوگالی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، هەڕەشەی لە راسموس هۆیلاندی هێرشبەری یانەی مانچێستەر یونایتد و هەڵبژاردەی دانیمارکی کرد، بەو پێیەی لە یارییەکەی دانیمارک لە قۆناخی چارەکی کۆتایی خولی نەتەوەکانی ئەورووپادا بەرامبەر پۆرتوگال گاڵتەی بەو کریستیانۆ کردووە.
لە یاریی چوونی قۆناخی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگ بۆ وەرزی 2024-2025، هۆیلاند سەرکردایەتی دانیمارکی کرد و بەئەنجامی 1-0 لە پۆرتوگال بەسەرکردایەتی رۆناڵدۆی بردەوە.
بڕیارە ئێوارەی رۆژی یەکشەممە لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی چارەکی کۆتاییدا، دانیمارک ببێتە میوانی پۆرتوگال.
راسموس هۆیلاند یارییەکەی دانیمارکی بەرامبەر پۆرتوگال لەسەر کورسی یەدەگ دەستپێکرد، بەڵام لە خولەکی 69 راهێنەرای دانیمارکی هێرشبەرەکەی مانچێستەر یونایتدی هێنایە ناردە نێو یارییەکە، کە ئەنجامەکەی ئەوکات 0-0 بوو.
تەنیا 9 خولەک دوای چوونە نێو یاریگا، هۆیلاند تاکە گۆڵی یارییەکەی بۆ دانیمارک تۆمارکرد و لەسەر شێوازی بەنێوبانگی کریستیانۆ رۆناڵدۆ SIUU ئاهەنگی گێڕا.
ئاهەنگەکەی هالاند رەخنەی بەرفراوانی لێکەوتەوە، زۆر کەس پێیانوایە ئەو یاریزانە بەئەنقەست گاڵتە بەبوونی رۆناڵدۆ دەکات لەنێو یاریگادا، ئەویش بە لاساییکردنەوەی ئاهەنگە بەناوبانگەکەی لەبەردەمیدا.
ریگۆف، یەکێکە لەو کەسانەی پێیوایە هۆیلاند بەمەبەستی گاڵتەجاڕی ئەو کارەی کردووە و لە کۆمێنتێکدا نووسیویەتی "رۆژی یەکشەممە لەلایەن نموونەی باڵای خۆیەوە چەندینجار ئاهەنگە راستەقینەکەی پێپیشان دەدرێت".
وەڵامی هۆیلاند
لای خۆیەوە ئەستێرە دانیمارکییەکە، لە لێدوانەکانیدا بۆ میدیاکان رەتیکردەوە کە ئاهەنگگێڕانەکەی لەم یارییە تایبەتەدا مەبەست لێی گاڵتەکردن بێت بە دۆن، جەختیشی لەوە کردەوە کە بەمەبەست بووە، بەڵام بۆ ئەوەی سەرسامی خۆی بۆ رۆناڵدۆ نیشان بدات و هیچی دیکە.
هێرشبەری یانەی مانچێستەر یونایتد، سەبارەت بە رۆناڵدۆ دەڵێت "ئەو نموونەی باڵای منە، من هەرگیز بۆ گاڵتەکردن بە کریستیانۆ رۆناڵدۆ یان شتێکی لەو جۆرە ئەو کارەم نەکردووە، ئەو یاریزانە بۆ من و ژیانی وەرزشیم زۆر گرنگ بوو، لەوانەیە دژایەتییەک بێت، بەڵام گۆڵکردن بەرامبەر ئەو و وڵاتەکەی شتێکی گەورەیە بۆ من".
هۆیلاند دانی بەوەدانا کە ئاهەنگگێڕان بەو شێوەیە و لەگەڵ کریستیانۆ لەهەمان یاریگادا هەمیشە لە مێشکیدا بووە و دەڵێت "لە راستیدا زۆرجار خەونم بەوە بینیوە کە ئەو کارە بکەم، بۆ من شتێکی گەورەیە".
لە کۆتاییدا گوتی "کریستیانۆ هەموو شتێکە بۆ من. بەهۆی کریستیانۆوە تۆپی پێم خۆشویست. بەهۆی کریستیانۆوە بووم بە هاندەری مانچێستەر یونایتد. بەهۆی کریستیانۆوە دەستم بە مەشق و راهێنانی ئاسن کرد. بەهۆی کریستیانۆوە دەستم بە مەشقی پێش خەوتن کرد، چونکە دەمویست ببم بە کریستیانۆ".
راسموس دەرفەتی ئەوەی نەبوو لەگەڵ رۆناڵدۆ لە مانچێستەر یونایتد یاری بکات، بەو پێیەی ئەو یاریزانە لە هاوینی 2023 لە یانەی ئاتالانتاوە پەیوەندی بە یانەی مانچێستەر یونایتدەوە کرد، بەڵام رۆناڵدۆ راستەوخۆ پێش ئەوە لە مانگی نۆڤەمبەری 2022 گرێبەستەکەی لەگەڵ یانە ئینگلیزییەکە هەڵوەشاندەوە و لەسەرەتای مانگی یەکی ساڵی 2023 پەیوەندی بە یانەی نەسڕی سعودییەوە کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ