یەکەم لێدوانی جولیان ئەلڤارێز لەبارەی رەتکردنەوەی لێدانە یەکلاکەرەوەکەی بەرامبەر ریال مەدرید

22-03-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن چامپیۆنزلیگ یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید یانەی ریال مەدرید جولیان ئەلڤارێز
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

جولیان ئەلڤارێزی هێرشبەری یانەی ئاتلێتیکۆ مەدریدی ئیسپانی، بێدەنگیی خۆی شکاند بەرامبەر ئەو لێدانە یەکلاکەرەوە مشتومڕهێنەی لە یاریی یانەکەی بەرامبەر ریال مەدرید، لە قۆناخی شانزەی چامپیۆنزلیگ جێبەجێی کرد.
 
ئەلڤارێز لێدانێکی یەکلاکەرەوەی لە یارییەکەدا جێبەجێکرد، بەڵام ڤار بۆی ئەژمارنەکرد، پاشئەوەی دووپاتیکردەوە ئەلڤارێز دووجار قاچی بەرتۆپەکە کەوتووە لە کاتی جێبەجێکردنی لێدانەکەدا.
 
ئەلڤارێز لە لێدوانی بۆ میدیای ئەمریکا دەڵێ، هەزارجار تەماشای لێدانەکەی خۆمم کردەوە. لەهەموو گۆشە جیاوازەکانەوە لە دیمەنەکە رامام، بەڵام لە راستیدا هەرگیز هەستمنەکرد من دووجار قاچم بەر تۆپەکە کەوتبێت، لەبەرئەوەی دووجار بەری نەکەوت و ئەگەر واش بێت، زۆر کەمبوو و هەستپێکردنی زەحمەت بوو.
 
هێرشبەرە ئەرجەنتینییەکە هەروەها دەڵێ، "پێموایە یاساکان لەوبارەیەوە دەبێ روونتر بن، لەبەرئەوەی من هەوڵمنەداوە هیچ فێڵێک بکەم، یان هیچ شتێکی دیکە".
 
ئەلڤارێز هەروەها دەڵێ، "کاتێک گۆڵپارێز لە کاتی لێدانی سزا یان لێدانێکی یەکلاکەرەوەکە لەسەر هێڵی گۆڵ دێتە دەرەوە، لێدانەکە دووبارەدەکرێتەوە، لە کاتێکدا ئەم حاڵەتە دووبەرکەوتنەکەی من بۆ هیچ سوودێکی زیادەنەبوو لە دۆخەکە و جێگەی داخە ئەوە روودەدات".
 
رەتکردنەوەی لێدانە یەکلاکەرەوەکەی ئەلڤارێز، هۆکارێکی چوونە دەرەوەی ئاتلێتیکۆ مەدرید بوو لە قۆناخی شانزەی چامپیۆنزلیگی ئەمساڵ.
 
ئاتلێتیکۆ مەدرید ئەگەرچی لە یاریی گەڕانەوەدا بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە کاتی یاساییدا براوەبوو، بەڵام لەبەرئەوەی لە یاریی چووندا 2 - 1 دۆڕابوو، هەردوو یانە پەنایانبردە بەر دوو گێمی زیادکراو و لێدانە یەکلاکەرەوەکان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە