رووداو دیجیتاڵ
هاندەرانی یانەی ئۆدینێزی رەتیدەکەنەوە مایک ماینانی گۆڵپارێزی یانەی میلان هیچ بەڵگەیەکی بەدەستەوە بێت، کە بیسەلمێنێت ئەوان رەگەزپەرستییان دژی گۆڵپارێزە فەرەنسییەکە کردبێت، بەڵام ڤیدیۆیەک راستی قسەکانی ماینان دووپات دەکاتەوە.
لە گەڕی 21ـی سێریا ئەی ئیتاڵیا، یانەی ئەیسی میلان بووە میوانی ئودینێزی و یارییەکەی بە ئەنجامی 3-2 لێبردەوە.
لە خولەکی 33ـی یارییەکە ماینان دەیەوێت لێدانی گۆڵ جێبەجێ بکات، بەڵام لەو کاتەدا وەک خۆی دەڵێت، لەلایەن هاندەرانی ئودینێزییەوە رووبەڕووی رەگەزپەرستی دەبێتەوە، بەو هۆیەوە گۆڵپارێزە فەرەنسییەکە ئاماژە بۆ یاریزانانی هاوڕێی دەکات بۆ ئەوەی بوەستن، دواتر دەچێتە لای ناوبژیوان و قسەی لەگەڵدا دەکات و پاشان دەچێتە دەرەوەی یاریگە. دوای چەند خولەکێک لە وەستانی یارییەکە، ماینان و یاریزانەکانی دیکەی میلان گەڕانەوە نێو یاریگە و جارێکی دیکە یارییەکە دەستی پێکردەوە.
دوای ئەو رووداوە، ماینان داوای کرد ئەنجامدەرانی ئەو کارە سزای تووند بدرێن. دوای یارییەکە بەشێک لە ئۆڵتراسەکانی یانەی ئودینێزی باسیان لەوە دەکرد کە هیچ بەڵگەیەک نییە کە بیسەلمێنێت ماینان رووبەڕووی کرداری رەگەزپەرستی بووبێتەوە و گوتیان ئەو تەنیا کەسە کە گوێی لەو قسە رەگەزپەرستییانە بووە کە باسی لێوەدەکات، بەڵام ڤیدیۆیەک لە سۆشیاڵ میدیا بڵاودەبێتەوە کە قسەکانی ئەو هاندەرانە رەتدەکاتەوە و دەیسەلمێنێت کە بەڕاستی ماینان لەلایەن هاندەرانی ئودینێزییەوە رووبەڕووی رەگەزپەرستی بووەتەوە.
لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت کە دوای ئەوەی ئودینێزی گۆڵی یەکسانبوون تۆماردەکات، بەشێکی هاندەران هاواردەکەن "Ne*ro De Me*da" کە ئاماژەیەکە بۆ رەگەزپەرستی و دژی رەشپێستەکان بەکاردەهێنرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ