ڤیدیۆ؛ کلاسیکۆ بۆ بارسێلۆنا.. لەپێناو رۆح بەبەرداهێنانەوەی لالیگا

21-04-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
بارسێلۆنا
بارسێلۆنا
نیشانەکردن لالیگا یانەی ریال مەدرید کلاسیکۆ یانەی بارسێلۆنا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

زیندوو هێشتنەوەی لالیگا لە رێگەی بردنەوەی کلاسیکۆوە و دەستبەردارنەبوون لە ململانێکانی بەدەستهێنانی نازناوەکە، ئامانجی یەکەمی بارسێلۆنایە لە کلاسیکۆی ئەمڕۆدا، لە کاتێکدا تیپەکە دوور لە هاندەرەکانی بەرامبەر رکابەرە مێژووییەکەی یارییدەکات.
 
بارسێلۆنا کە لەبەردەم راستیی تاڵی دەستبەتاڵدەرچوون لە وەرزەکەدایە، نایەوێت و ناخوازێت لە رێگەی کلاسیکۆوە بێئومێدیی گەورە بەسەر هاندەرەکانیدا ببەخشێتەوە و ئیدی لە لالیگاشدا ئاڵای سپیی خۆبەدەستەوەدان بۆ ئەوانیدیکە بەرز بکاتەوە.
 
بارسێلۆنا پێویستیی زۆری بەبردنەوەی کلاسیکۆ هەیە، جارێک لەبەر زیندووهێشتنەوەی رکابەریی لەسەر لالیگا و کەمکردنەوەی جیاوازیی خاڵەکانی لە ریال مەدریدی پێشەنگ بۆ تەنیا پێنج خاڵ، جارێکیش لەبەرئەوەی ئیدی تیپەکە پاش شکستی چامپیۆنزلیگ، شکستێکی دیکەش نەکاتە بەشی خۆی.
 
هەمووان کۆکن لەسەرئەوەی بارسا هێشتا بەتووندی لەژێر کاریگەریی چوونە دەرەوە لە چامپیۆنزلیگ و ریمۆنتادای پاریس سانجێرماندایە، بەڵام دەکرێ کلاسیکۆ ئەو هەلە بێت کە ئارامیی بۆ ماڵە کەتەلۆنییەکە بگێڕێتەوە و رۆحێکیش بەبەر حەزی دامرکاوەی هاندەرەکانیدا بکاتەوە کە دەخوازن لانیکەم تاوەکو چەند هەفتەیەکی دیکەش، لالیگا زیندوو بمێنێتەوە و بارسا ئەو تیپە بێت تێیدا، کە دەتوانێ بەرکابەر لەسەر نازناوەکە درێژە بەهەفتەکانی بدات.
 
ئەگەرچی ئازاری چوونە دەرەوە ئەوروپییەکە بۆ یانەکە و هاندەرەکانی قورس بوو. ئەگەرچی ئەوەی لە مۆنتوجویک لە ناوەڕاستی هەفتەدا روویدا، تاوەکو سەرئێسقان هەمووانی ئازاردا، بەڵام لە دوای ئەو یارییەوە، یاریزانەکانی یانەکە وا پێشانیدەدەن کە کلاسیکۆ هەلی تۆڵەکردنەوە و بەتاڵکردنەوەی خەمی هەموو شکستەکانی ئەمساڵە، هەر بۆیە ئومێد دەکەن، ئەوەی روودەدات، تەنیا قسەی بەر کامێراکان نەبێت و یاریزانانی یانەکە، لە کلاسیکۆدا بەدوای قەرەبووکردنەوەی هەموو شتێکدا بگەڕێن.
 
بارسێلۆنا جیاواز لەوەی لە چامپیۆنزلیگدا دووچاری شۆکێکی گەورە هاتووە، لە لالیگادا لە دوای بڕیاری رۆیشتنی چاڤی هێرناندێزی راهێنەرەوە لە باشترین دۆخی خۆیدا دەژی و تیپەکە دووچاری شکستنەبووە و چەندین وێستگەی قورسی تێپەڕاندووە، دەکرێ کلاسیکۆش وێستگەیەکی دیکە بێت بۆی، تاوەکو بەهەمان ویستەوە لە کاروانەکەدا بمێنێتەوە.
 
راستیی رووداوەکانی کلاسیکۆ بۆ بارسێلۆنا دەکرێ، موژدەبەخشی تێهەڵچوونەوە لەگەڵ هەموو شت لەسەرەتاوە بن و دەشکرێ راستیی تاڵی دەستبەرداربوون لە لالیگاش بن. ئەمی دوواییان ئەگەر رووبدات، شۆرشی گۆڕانکاری و قۆناخی تەمەنی یانەکە لە پاش چاڤی هێرناندێزەوە، کە لە کۆتایی وەرزدا دەڕوات، زووتر و خێراتر دەکات. 
 
چاڤی و راستییە تاڵەکە
 
چاڤی هێرناندێز، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا دانیبەوەداناوە کە ئەگەر ریال مەدرید کلاسیکۆ بباتەوە، هەموو شت لە لالیگا کۆتاییدێت.
 
ئەو دەڵێ، "ئەگەر ریال مەدرید کلاسیکۆ بباتەوە، بەڵێ لالیگا کۆتایی دێت، بەڵام ئێمە پۆزەتیڤانە بیر دەکەینەوە و بردنەوەمان دەوێت، دەمانەوێت جیاوازیی خاڵەکان کەمبکەینەوە، هەلی ئەوەمان هەیە و تاوەکو کۆتایی لالیگا لەپێناویدا دەجەنگین.
ئەمە گرنگترین یاریی وەرزەکەیە بەلای ئێمەوە. روونە کە دەبێ و پێویستە بیبەینەوە، دەبێ بیبەینەوە بۆ ئەوەی گوشاری زیاتر لەسەر ریال مەدریدی پێشەنگ دروست بکەین. جیاوازیی خاڵەکان کەمدەکەینەوە. ئەمە ئەو سیناریۆیەیە کە دەمانەوێت رووبدات، یاریی دەکەین و هەوڵدەدەین لە بێرنابیۆ براوەبین، ئەمە ئامانجی ئێمەیە".
 
راهێنەری بارسێلۆنا هەروەها دەڵێ، "ئێمە جیا لە یارییکردنی باش، دەبێ کاریگەریش بین، چونکە ریال مەدرید کاریگەرە، ئەوان بەباشی بەرگری دەکەن و کاریگەرن. ئەوان یەکێکن لە باشترین ئەو تیپانەی کە ئاراستەی یاریی دەگۆڕن، جووڵانەوەکانیان خێرا و دڕندایە، توانایان هەیە و ئەوان ریال مەدریدن، ئێمە باسی یەکێک لە باشترین تیپەکانی جیهان لە چەند ساڵی رابردوودا دەکەین".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

یاریزانانی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین جامی کۆپا ئەمریکایان بەرزکردووەتەوە، وێنە: AFP

ئەرجەنتین کۆپا ئەمریکای 2024ـی بردەوە

هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بۆ دووەم جار لەسەر یەک و 16ـەم جار لە مێژووی خۆی، توانی ناسناوی کۆپا ئەمریکا بباتەوە. ئەرجەنتین لە تەواوی پاڵەوانیێتییەکەدا تەنیا یەک گۆڵی لێکرا.