رووداو دیجیتاڵ
کریستیانۆ رۆناڵدۆ و سادیۆ مانێ، بەشدارییان لە دوایین مەشقەکانی یانەی نەسڕدا کرد، بۆ یاریی گەڕانەوەی قۆناخی شازدەی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا، کە ئەمشەو رووبەڕووی یانەی فەیحا دەبنەوە.
کاژێر 21:00 لە یاریگەی ئەول پارک، یانەی نەسڕی سعودی لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی شازدەی چامپیۆنزلیگی ئاسیا، بەرامبەر یانەی فەیحای هاونیشتمانی یاریی دەکات، بۆ رکابەریکردن لەسەر گەیشتن بە قۆناخی داهاتوو.
لە یاریی چووندا، یانەی نەسڕ بەسەرکردایەتیی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بە گۆڵێکی بێبەرامبەر سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و دەیەوێت ئەمشەو بردنەوەکەی دووبارەبکاتەوە، بۆ ئەوەی بگاتە قۆناخی داهاتووی پاڵەوانێتییەکە.
کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە چامپیۆنزلیگی ئاسیادا تاوەکو ئێستا لەم وەرزەدا 4 گۆڵی تۆمارکردووە و دەیەوێت ژمارەی گۆڵەکانی زیادبکات و یانەکەی بگەیێنێتە قۆناخی داهاتوو.
بۆ یارییەکەی ئەمشەو لە ریزەکانی یانەی نەسڕ ئاندێرسۆن تالیسکا یاریی ناکات، بەڵام کریستیانۆ، سادیۆ مانێ، مارسێلۆ برۆزۆڤیچ، ئۆتاڤیۆ و عەزیز بەیچ بەتەواوی بۆ یارییەکە ئامادەن.
یانەی فەیحا 11 یارییە لەسەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا، هیچ یارییەکی لە یانەی نەسڕ نەبردووەتەوە و دوایین بردنەوەی ئەو یانەیە لە نەسڕ لە 2018 بووە لە خولی سعودیدا.
لە 8 یاریی رابردوودا لەسەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا، یانەی نەسڕ هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە و دەیەوێت درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ