رووداو دیجیتاڵ
فیران تۆرێس، هێرشبەی یانەی بارسێلۆنا، دڵخۆشیی خۆی بەلێدوانەکانی برۆنۆ لاگی، راهێنەری یانەی بێنفیکا دەربڕی کە گوتبووی، بارسێلۆنا رکابەرە بۆ بەدەستهێنانی نازناوی وەرزی ئەمساڵی چامپیۆنزلیگ.
تۆرێس لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا بەر لە رووبەڕووبوونەوەی نێوان یانەکەی و بێنفیکا لە چامپیۆنزلیگ، دەڵێ، "هەموو کات چامپیۆنزلیگ پاڵەوانێتییەکی گرنگە، کەشەکەی جیاوازە و ئێمە هەموومان ویستی گەورەمان بۆ یارییکردن هەیە، هەروەها هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی سێ خاڵی دیکە و متمانەبەخۆکردنی زیاتر بۆ لالیگا".
ئەو هەروەها دەڵێ، "دەتوانم بڵێم من هەوڵدەدەم بۆ فێربوونی زیاتر، لەگەڵ ساتەکانی هەڵکشان و داکشان، ئەمە ساتێکی زۆر جوانە و متمانەی زۆرم بەیانەکەم هەیە".
لەبارەی داهاتووی خۆیەوە، ئەو یاریزانە دەڵێ، "داهاتووم لە بارسێلۆنایە، لێرە یارییدەکەم و نازناوی زۆر دەبەمەوە".
لەبارەی لێدوانی راهێنەری بێنفیکاوە کە وایدانابوو بارسێلۆنا بەربژێرە بۆ بەدەستهێنانی نازناوی وەرزی ئەمساڵی چامپیۆنزلیگ، ئەو یاریزانەی بارسا دەڵێ، "هەموو یاریزانانی بارسێلۆنا هەمان باوەڕیان هەیە، ئەوە ستایشێکی جوانە، کاتێک راهێنەری بێنفیکا ئەو جۆرە قسانەمان لەبارەوە دەکات".
ئەو هەروەها دەڵێ، "راستە لە ساڵانی رابردوودا ئەنجامەکانمان لە چامپیۆنزلیگ وەک پێویست نەبوو، بەڵام ئەوە پاڵنەری گەورەیە بۆ ئەوەی دۆخەکە بگۆڕین".
تۆرێس زیاتر گوتویەتی، "لە لالیگا نەگەیشتووینەتە ئەو ئاستەی دەمانەوێت، خاڵی زۆرمان لەدەستدا کە دەکرێ بۆ داهاتوو سزامان بدات، بەڵام دەبێ خۆمان کۆبکەینەوە و چاومان لەسەر دۆخەکە بێت، هەروەها زۆرترین خاڵ بەدەست بهێنین".
بارسێلۆنا ئەمشەو کاژێر 23:00 بەکاتی باشووری کوردستان، لە گەڕی حەوتەمی قۆناخی یەکەمی چامپیۆنزلیگ، رووبەڕووی بێنفیکای پۆرتوگالی دەبێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ