یاسین کەریم: بە رۆناڵدۆم گوت ئاستت باش بێت یان خراپ هەر باشترینی جیهانیت

21-01-2025
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن خولی ئەستێرەکانی عێراق یاسین کەریم هەڵبژاردەی عێراق
A+ A-

رووداو هەولێر 

یاسین کەریم، گۆڵپارێزی کوردی یانەی تەڵەبە رایگەیاند، کاتێک کریستیانۆ رۆناڵدۆی لە نزیکەوە بینیوە، پێی گوتووە تۆ باشترین یاریزانی جیهانیت. هەروەها دەڵێ، لە هەڵبژاردنی گۆڵپارێزان بۆ هەڵبژاردەی عێراق، ناهەقیی بەرامبەر کورد دەکرێت و پێیوایە جەلال حەسەنی گۆڵپارێزی ئێستای هەڵبژاردەکە، شوێنەکەی داگیرکردووە.
 
یاسین کەریم، کە ساڵانێک لە پێشمەرگەی هەولێر بووە و پاشان روویکردووەتە خولی ئەستێرەکانی عێراق و لە یانە گەورەکانی وەک شورتە و تەڵەبە یارییکردووە، ئەزموونی خۆی لە یاریگەکاندا بەسەرکەوتوو ناودەبات، ئەو پێیوایە زۆرینەی زۆری خەونەکانی لە یاریگەدا بەدەستهێناوە.
 
یاسین ماوەی نۆ ساڵە لە چەندین یانەی جیاواز یارییکردووە، ئەو لە یانەی میناوە روویکردە شورتە، بەڵام وەک خۆی دەڵێت، "شورتە خەونەکانی پوکاندووەتەوە و نیگەرانە لەو رۆژانەی لەو یانەیە بەسەری بردووە". 
 
یاسین لەبارەی رۆژانی یارییکردنیەوە لە یانەی شورتە دەڵێ، "بەر لە چوون بۆ شورتە، چەند وەرزێکی زێرینم لەگەڵ یانەیەکی جەماوەری وەک مینا بەڕێکرد، کاتێک چوومە شورتە، پێموابوو ئەو هەنگاوە دەبێتە کردنەوەی دەرگایەکی گەورەی ژیان و رێگەیەک بۆ گەیشتنم بەهەڵبژاردەی عێراق، بەڵام بەداخەوە وانەبوو، یانەی شورتە دەرفەتت پێنادەن و ئاسان نییە لەوێ بیت، سێ وەرز چاوەڕێمکرد دەرفەتم پێبدەن، بەڵام هەر نەیاندامێ، بۆیە بڕیارمدا بچمە یانەی تەڵەبە و لەسەرەتای هاتنم و هەفتەیەک بەر لە دەستپێکردنی وەرزی ئەمساڵی خول، دووچاری پێکانبووم لە رانمدا، بەڵام دواتر گەڕامەوە و ئێستا گۆڵپارێزی سەرەکیی تەڵەبەم".
 
یاسین خەون بەبوون بەگۆڵپارێزی هەڵبژاردەی عێراقەوە دەبینێت، بەڵام ئەو تەنیا یەکجار بانگهێشتی هەڵبژاردەی ئۆڵیمپیی عێراق کراوە و دواتر دوورخراوەتەوە. بەبڕوای یاسین، ئەوەی لە هەڵبژاردەی عێراق دەگوزەرێت، "نەبوونی دەرفەتە بۆ گۆڵپارێزانی کورد". پێیوایە تەنیا گۆڵپارێزانی یانە گەورەکانی عێراق هەلی چوونە هەڵبژاردەیان پێدەدرێت.
 
یاسین باسی داگیرکردنی شوێنی گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی عێراق دەکات و دەڵێ، "بەلامەوە سەیرە جەلال حەسەن دەڵێی شوێنی گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی عێراقی داگیرکردووە. کێشە ئەوە نییە کە ئێمە سەرەکی بین یان یەدەگ، بەڵام گۆڵپارێزی باشی کورد هەن وەک من، کاک سەرهەنگ موحسین و کاک دلۆڤان مەهدی، بەداخەوە کە دەرفەتمان پێنادرێت، تەنانەت ئەگەر گۆڵپارێزی یانە جەماوەرییەکانی وەک شورتە و جەوییە نەبیت، دەرفەتی یاریکردنت لە هەڵبژاردەی عێراق نادەنێ، رەنگە جار جار هەبێت، بۆ نموونە من بانگهێشتی هەڵبژاردەی ئۆڵۆمپی کراوم پێشتر، بەڵام تۆزێک دڵی هاندەران خۆش دەکەن، دواتر کەسێکی تر دەهێننە شوێنت، ئەمە کێشەیەکی گەورەیە بۆ ئێمەی وەرزشوانی کورد".  
 
یاسین کەریم، کە سێجار نازناوی خولی عێراق و دوو نازناوی جامی سوپەری عێراق و نازناوێکی جامی عێراقی لەگەڵ یانەی شورتە بردووەتەوە، وەک پاڵەوانی عێراق بەشداریکردووە لە جامی شا سەلمان لە سعودیە.
 
یارییکردن لە جامی شا سەلمان، بەشێک لە خەونەکانی ئەو گۆڵپارێزەی کردووەتە راستی، ئەو دەڵێ، "لە ژیانم زۆر ئاواتم هەبووە و ماندووبووم تا گەیشتمە ژیانی ئێستام، لە خولی کوردستان یارییمدەکرد، ئێستا لە یانەیەکی گەورەی عێراقم، خەونم بەوەوە دەبینی ئیکەر کاسیاس ببینم، کریستیانۆ رۆناڵدۆ ببینم، هەمووانم بینی".
 
هەروەها دەڵێ، "دەتوانم بڵێم لەسەدا نەوەدی خەونەکانم بەدیهێنا، بەرامبەر بنزیما و رۆناڵدۆ یارییمکرد و مانێم لە نزیکەوە بینی".
 
هاوینی رابردوو، یانەی شورتە لە جامی شا سەلمان، بەرامبەر یانەی نەسڕی سعودی یارییکرد کە کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەفسانەی پۆرتوگالی یاریی بۆدەکات، یارییەکە بووە هۆکار بۆ بەدیهاتنی یەکێک لە خەونەکانی یاسین.
 
یاسین دەڵێ، "لە سعودیە هەفتەیەک شاندی یانەی شورتە و یانەی نەسڕ لە یەک هوتێل ماینەوە، بەڵام بەهیچ شێوەیەک رۆناڵدۆمان نەبینی، نە لە رێستۆرانتی هوتێلەکە نە هۆڵی لەشجوانیی، ئەوە شتێکی ئاسایی نەبوو، تا رۆژی یارییەکە کریستیانۆ رۆناڵدۆمان نەبینی، کە یارییەکە تەواوبوو، چووم بۆ لای، ئەو چوار پاسەوانی لەگەڵ بوو، سەرەتا بەڕۆناڵدۆم گوت وێنە بگرین، گوتی  ببورە دواتر، گوتم هەفتەیەکە لێرەم تۆم نەبینیووە و گۆڵت لێکردووین و من دەچمەوە عێراق و خەمبار دەبم، ئیتر گوتی تۆ زۆر خوێن شیرینی و قبوڵی کرد، کامێرامانەکەمان دوور بوو، رۆناڵدۆ گوتی دەبێت وێنەی پێ بگیرێت، لەباوەشم کرد و ئەویش باوەشی لێدام، سەرم لەسەر سینگی دانا و پێمگوت لە رووی ئاستەوە باش بیت و باش نەبیت تۆ باشترینی جیهانی، لەباوەشی کردم و گوتی زۆر سوپاس بۆ ئەو هەستە. ئەو خۆشترین رۆژی ژیانم بوو". 
 
یاسین دەڵێ ئەوە رای منە لەسەر کریستیانۆ، بەڵام "ئیتر رەنگە خەڵک هەبێت مێسی بەلاوە باشتر بێت". 
 
یاسین کەریم کە چەند ساڵێکە لە باشووری عێراق یارییدەکات، پێیوایە بۆ یاریزانی کورد، یارییکردن لەوێ پێویستی بە ئارامگرتنە، ئەو دەڵێ بەداخەوە یاریزانانی کورد ئارام ناگرن، دێن ساڵێک یارییدەکەن و دواتر دەڕۆن".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە