ماینان قوربانییەکی دیکەی رەگەزپەرستییە

21-01-2024
ئاسوودە پێشەوا
نیشانەکردن رەگەزپەرستی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
مایک ماینان، گۆڵپارێزی فەرەنسی و ئەستێرەی یانەی ئەیسی میلان رووبەڕووی کرداری رەگەزپەرستی دەبێتەوە و دەڵێت "پێویستە ئەوانە سزای زۆر توند بدرێن، چونکە قسەکردن چیدیکە هیچ لە بابەتەکە ناگۆڕێت."
 
لە گەڕی 21ـی سێریا ئەی ئیتاڵیا، یانەی ئەیسی میلان بووە میوانی ئودینێزی و یارییەکەی بە ئەنجامی 3-2 لێبردەوە. لە خولەکی 33ـی یارییەکە ماینان دەیەوێت لێدانی گۆڵ جێبەجێ بکات، بەڵام لەو کاتەدا وەک خۆی دەڵێت، لەلایەن هاندەرانی ئودینێزییەوە رووبەڕووی رەگەزپەرستی دەبێتەوە، بەو هۆیەوە گۆڵپارێزە فەرەنسییەکە ئاماژە بۆ یاریزانانی هاوڕێی دەکات بۆ ئەوەی بوەستن، دواتر دەچێتە لای ناوبژیوان و قسەی لەگەڵدا دەکات و پاشان دەچێتە دەرەوەی یاریگە. 
 
دوای یارییەکە ماینان دەڵێت "کاتێک یەکەم لێدانی گۆڵم جێبەجێ کرد، گوێم لە هاندەرانی ئودینێزی بوو کە لاسایی دەنگی مەیمونیان دەکردەوە، دواتر کاتێک ویستم دووەم لێدانی گۆڵ لێبدەم، هەمان کاریان دووبارە کردەوە، بۆیە چوومە لای ناوبژیوان و دواتر چوومە ژووری جلگۆڕین. پێویستە ئەوانە سزای زۆر توند بدرێن، چونکە قسەکردن چیدیکە هیچ لە بابەتەکە ناگۆڕێت".
 
دوای چەند خولەکێک لە وەستانی یارییەکە، ماینان و یاریزانەکانی دیکەی میلان گەڕانەوە نێو یاریگە و جارێکی دیکە یارییەکە دەستی پێکردەوە.
 
لەو بارەیەوە ماینان دەڵێت "لەگەڵ هاوتیپەکانم قسەمان کرد و بڕیارماندا بگەڕێینەوە نێو یاریگە و یارییەکە ببەینەوە. بەڕاستی من نەمدەویست چیدیکە یاری بکەم، بەڵام ئێمە خێزانێکین و نەمتوانی هاوتیپەکانم بەوشێوەیە بەجێبهێڵم."
 
تاوەکو خولەکەکانی کۆتایی، ئەنجامی یارییەکە 2-1 بوو لە بەرژەوەندی ئودینێزی، دواتر هەریەکە لە لوکا یۆڤیچ و ئۆکافۆر دوو گۆڵیان بۆ میلان تۆمارکرد و سێ خاڵی گرنگیان بۆ رۆسۆنێری بەدەستهێنا. 
 
دوای یارییەکە، پەڕەی فەرمی سێریا ئەی لە سۆشیاڵ میدیا گوتی "سێریا ئەی هەموو جۆرە کردارێکی رەگەزپەرستی ئیدانە دەکات"، یانەی میلانیش راگەیێنراوێکی بە واژۆی ماینان بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت "ئێمە بە ویستێکی زیاترەوە گەڕاینەوە نێو یارییەکە، چونکە بردنەوە باشترین وەڵامە بۆ رەگەزپەرستی".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە