چاوەڕواننەکراو.. یاریزانێکی ئەرجەنتین سووکایەتی بە هاوژینەکەی مێسی دەکات

20-12-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن مێسی ئانتۆنێلا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان دوای تێپەڕبوونی ساڵێک لەسەر بردنەوەی مۆندیالی 2022 لەلایەن هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، ناکۆکییەکی نێو ژووری جلگۆڕینی هەڵبژاردەکە ئاشکرا دەکەن و یاریزانێکی هەڵبژاردەکە سووکایەتی بە هاوژینی مێسی دەکات.
 
ئاشکرابوونی ئەم ناکۆکییە دوای ئەوە هات کە چەند رۆژێک لەمەوبەر ئانتۆنێلای هاوژینی لیۆنێل مێسی، وێنەیەکی لەگەڵ راهێنەرە تایبەتەکەیان لە کاتی وەرزشکردندا بڵاوکردەوە.
 
بەپێی هەواڵی میدیای ئەرجەنتین و ئیسپانیا، لە کاتی ئاهەنگگێڕانی یاریزانانی ئەرجەنتین دوای بردنەوەیان لە یەکێک لە یارییەکاندا کە دەکرێت بەرامبەر هۆڵەندا بووبێت، ئەلیخاندرۆ گۆمێز، لەکاتی سەماکردنیدا لەگەڵ یاریزانانی هەڵبژاردەکە قسەی نەشیاوی بە ئانتۆنێلای هاوژینی لیۆنێل مێسی گوتووە، ئەمەش بووەتە هۆکاری تووڕەبوونی کاپتنی تانگۆ.
 
رۆژنامەی مارکای ئیسپانی دەڵێت "ئەمە یەکەم شت نییە لەبارەی گۆمێزەوە بڵاوببێتەوە، لەکاتێکدا چەند مانگی رابردوو ئاشکرابوو کە یاریزانەکە جادووی لە جیۆڤانی لۆ سێلسۆی هاوڕێی کردووە بۆ ئەوەی ئەو لە شوێنی یاریزانەکە لە هەڵبژاردەی ئەرجەنتین وەربگیرێت و بەشداری لە یارییەکانی مۆندیالدا بکات.
 
دوای بڵاوبوونەوەی ئەو بابەتە، لۆ سێلسۆ تووشی پێکانبوو و ئەلیخاندرۆ گۆمێز بەشداریی لە یارییەکانی مۆندیالدا کرد.
 
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، بۆیە ئەو کاتە ئەم بابەتە ئاشکرا نەکراوە، بۆ ئەوەی کاریگەری نەکاتە سەر ئاستی هەڵبژاردەکە و دەروونی یاریزانەکانیان.
 
هەڵبژاردەی ئەرجەنتین ساڵێک لەمەوبەر لە یاریی کۆتایی مۆندیالدا سەرکەوتنی بەرامبەر هەڵبژاردەی فەرەنسا بەدەستهێنا و نازناوی مۆندیالی بۆ جاری سێیەم لە مێژوویدا بەدەستهێنا.



کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە