رووداو دیجیتاڵ
شارەزایانی وەبەرهێنان پێشبینیدەکەن کیم کارداشیان، خانمە نمایشکاری بەناوبانگی ئەمریکی، روو لە وەبەرهێنان لە یانەکانی ئینگلتەرا بکات.
ئادەم سومرفێڵد، پسپۆری وەبەرهێنان لە تۆپی پێدا، پێشبینیدەکات، کاردایان بەهاوتای چەند کەسایەتییەکی دیکەی بەناوبانگی ئەمریکا، لە نێویاندا، دواین جۆنسۆنی ناسراو بە 'زا رۆک' روو لە وەبەرهێنان لە یانەکانی ئینگلتەرا بکەن.
پێشتر هەریەکە لە رایان رینۆڵدز و رۆب ماکیلینی، ئەستێرەکانی هۆلیوود، لە رێگەی کڕینەوەی یانەی ریکسهامەوە، وەبەرهێنانیان لە یانەکانی ئینگلتەرا کردووە و لە ماوەی پێشووشدا فیلمێکیان لەبارەی یانەکە و کارەکەیانەوە لە یانەکە، بەرهەمهێنا.
سومرفێڵد، لەمیانی بەشداریکردن لە بەرنامەیەکی 'بی بی سی' ئاماژەی بەوەداوە کە بایەخی ئەستێرە بەناوبانگەکان لە وەبەرهێنان لە یانەکانی ئینگلتەرا زۆرتر دەبێت، چونکە ئەوان وایدەبینن کە ئەو کارە خزمەتێکی گەورەی میدیاییان دەکات و بۆخۆیان لە بنەمادا بەرهەمهێنەری درامایەکی سەرنجڕاکێشن بۆ خەڵک، هەر بۆیە وەبەرهێنان لەو کەرتەدا سەرنجڕاکێشتر دەبێت بۆیان، لە کەرتەکانی دیکە.
سومرفێڵد، پێیوایە لە رووی داهات و داراییشەوە ئەستێرە وەبەرهێنەکان لە یانەکانی ئینگلتەرا، قازانجی زۆر دەکەن، چونکە وەبەرهێنان لە وەرزشدا، سەرنجی سپۆنسەرەکان و مارکە بازرگانییە گەورەکان و کۆمپانیا زەبەلاحەکان رادەکێشێت و ئەوەش لە کۆتاییدا قازانج بەوەبەرهێنەرەکان دەگەیێنێت.
ئەو پسپۆرە یانەیەکی دیاریکراوی دەستنیشاننەکردووە کە کیم کارداشیان وەبەرهێنانی تێدا بکات، بەڵام دەڵێ دڵنیام لە داهاتوودا ئەوە روودەدات.
ئەو پسپۆرە دەڵێ، پێشبینیدەکەرم کیم کارداشیان و زا رۆک روو لە پرێمەرلیگ بکەن، ئەوکات بۆ ئەوان و بۆ میدیا و سپۆنسەرانیش زۆر سەرنجڕاکێش دەبێت، کاتێک ناوی یانەیەک بەناوی ئەوانەوە دەبەسترێتەوە.
سومرفێڵد، پێشبینیدەکات لە ماوەی پێنج تاوەکو دە ساڵی داهاتوودا، موڵکایەتی یانەکانی ئینگلتەرا، هەمووی یان بەشی هەرە زۆری ببێتە موڵکی وەبەرهێنەرانی ئەمریکی و ئێستا پڕۆسەی کڕینەوەی چەندین یانەی ئینگلتەرا لەلایەن وەبەرهێنەرە بەناوبانگە ئەمریکییەکانەوە لە دانوستاندندایە.
لە ساڵانی رابردوودا، وەبەرهێنەرانی ئەمریکی روویان لە کارکردن لە بازاڕی یانەکانی ئینگلتەرا کردووە بەشێوەیەکی فراوان، دوایین وەبەرهێن کە رووی لەو خولە کردووە، تۆد بۆیلی هاوبەشەکانین کە خاوەندارێتی یانەی چێڵسییان بەدەستهێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ