ڤیدیۆ؛ پەیامێک لە ڤینیسیۆسەوە بۆ هەموو جیهان

22 کاژێر له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
ڤینیسیۆس جونیۆر
ڤینیسیۆس جونیۆر
نیشانەکردن ڤینیسیۆس جونیۆر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ڤینیسیۆس جونیۆر، ئەستێرەی هەڵبژاردەی بەرازیل و یانەی ریال مەدرید پەیامێک ئاراستەی هەموو جیهان دەکات و دەڵێت "شەڕی رەگەزپەرستی شەڕی هەمووانە."
 
ڤینی لە هەڤپەیڤینێکی نوێدا کە لەلایەن کەناڵی فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیلەوە بڵاوکردەوە و لەبارەی کۆمەڵێک پرسەوە قسەدەکات و لە وەڵامی گۆڕانکارییەکانی نێو هەڵبژاردەی بەرازیلدا گوتی "پێموایە شتێکی ئاساییە دوای کۆتاییهاتنی هەر مۆندیالێک گۆڕانکاری و نوێبوونەوە هەبێت و ژمارەیەک یاریزان بگۆڕێن، ئەمەش بەهۆی ئەوەی بەشێکی یاریزانەکان تەمەنیان گەورە دەبێت یان ئەو راهێنەرە نوێیە تیپەکە بەڕێوەدەبات، پێویستە بەردەوامبین لەپێناو ئامانجە گەورەکەدا، لە ماوەی ساڵ و نیوێکدا، بۆ ئەوەی بەرازیل بگەڕێنینەوە لووتکە کە نەدەبووایە هەرگیز لێی داببڕێت."
 
ڤینیسیۆس چووە سەر پرسی رەگەزپەرستی و دەڵێت "رەگەزپەرستی شەڕی هەمووانە، چونکە من ناتوانم بەتەنیا بەرەنگاری ئەم بابەتە ببمەوە، هەموو رەشپێستەکان ئازاریان چەشتووە، بەڵام دەزانم چەندە گەورەم، دەزانم قسەکردنم چەند بەهێزە، دەتوانم لەبری ئەو هەموو کەسانە قسەبکەم کە بەهێز نین، دەترسن، یان بە زۆر شتدا تێدەپەڕن. مرۆڤەکان هەمیشە باوەڕ بەو شتانە ناکەن کە دەیڵێن، بۆیە زۆر دڵخۆشم کە دەتوانم یارمەتیدەربم لە شەڕەکەدا و پتەو و بەهێز بمێنمەوە."
 
ئەستێرەی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی لەو بارەیەوە زیاتر قسەیکرد و داوا دەکات هەمووان بەیەکەوە بەردەوامبن لە رووبەڕووبوونەوەی رەگەزپەرستی و گوتی "مرۆڤە رەشپێستەکان ماوەیەکی زۆر ئازاریان چەشتووە، دەبێت کاتێک بێت هەموو ئەمانە کۆتایی پێ بێت، فیفا ناوێکی گەورەیە، بەیەکەوە لەگەڵ فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل، بەیەکەوە لەگەڵ هەموو یاریزانەکان، هێزمان هەیە بۆ ئەوەی شەڕ بکەین، بۆیە با بەردەوامبین لە هەنگاونان بەیەکەوە، بەهێز بین بۆ ئەو منداڵانەی بەرەو داهاتوومان دێن، بۆ ئەوەی لە داهاتوویەکی نزیکدا ژیانێکی باشترین هەبێت."
 
ڤینیسیۆس جونیۆر، بەهۆی رەنگی پێستییەوە لە چەندین یاریی جیاوازدا رووبەڕووی رەگەزپەرستی بووەتەوە و هاندەران چەندجارێک هێرشیانکردووەتە سەر ئەو یاریزانە، فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل و یانەی ریال مەدریدیش بەردەوام پاڵپشتی یاریزانەکە دەکەن بۆ ئەوەی خۆی لەو دۆخە بە دوور بگرێت و کاریگەری نەکاتە سەر یارییکردنی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە