ڤیدیۆ؛ پلانێکی بڕواپێنەکراو لە پاریسەوە بۆ هێشتنەوەی ئێمباپێ

20-07-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
کیلیان ئێمباپێ
کیلیان ئێمباپێ
نیشانەکردن کیلیان ئێمباپێ پاریس سانجێرمان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی پلانێکی گەورەی داڕشتووە، بۆ ئەوەی پارێزگاری لە تواناکانی کیلیان ئێمباپێ بکات و یاریزانەکە لە یانەکە بمێنێتەوە.
 
ئێمباپێ، ئەمڕۆ بەشێوەیەکی ئاسایی لەگەڵ یاریزانەکانی پاریس سانجێرمان بەشداریی لە مەشقەکانی یانەکەیدا کرد، کە خۆی بۆ وەرزی نوێ ئامادەدەکات، دوای مەشقەکانیش یانەکە لیستی ئەو یاریزانانەی بڵاوکردەوە کە لەگەڵ یانەکە بۆ کەمپێکی راهێنان و ئەنجامدانی چەند یارییەکی دۆستانە دەچنە ژاپۆن، ناوی کیلیان ئێمباپێ لەنێو لیستەکەدایە.
 
رۆژی هەینی پاریس سانجێرمان لە یاریگەی مەشقەکانی یارییەکی دۆستانە بەرامبەر یانەی لۆ هاڤەری فەرەنسی دەکات، چاوەڕواندەکرێت ئێمباپێ چەند خولەکێک لەو یارییەشدا یاریی بکات.
 
میدیای ئیسپانیا لەبارەی داهاتووی یاریزانەکەوە دەڵێت "پاریس سانجێرمان پلانی داناوە دەستەوارەیەکی گەورە کە دەگاتە 1 ملیار یۆرۆ، پێشکێشی کیلیان ئێمباپێ بکات بۆ ئەوەی بۆ ماوەی 10 ساڵ گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکە نوێبکاتەوە."
 
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ئێمباپێ بە لویس ئێنریکێ، راهێنەری یانەکەی گوتووە دەیەوێت وەرزی داهاتوو لەگەڵ پاریس سانجێرمان بەردەوامبێت.
 
ئەو کەسانەی کار بۆ گواستنەوەی ئێمباپێ بۆ ریال مەدرید دەکەن، بە یاریزانەکەیان گوتووە، تاوەکو 31ـی ئەم مانگە هیچ دەستەوارەیەژ بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی قبوڵ نەکات، بۆ ئەوەی پاداشتە داراییەکەی لە پاریس سانجێرمان وەربگرێت، کە دەگاتە 40 ملیۆن یۆرۆ، کە ئەمەش کرا لە مانگی داهاتوودا پاریس سانجێرمان ناچار دەبێت یاریزانەکە بفرۆشێت.
 
ریال مەدرید نایەوێت زیاتر لە 200 ملیۆن یۆرۆ بۆ گواستنەوەی یاریزانەکە خەرج بکات، پاریس سانجێرمان ئامانجی ئەوەیە بە 200 ملیۆن یۆرۆ یاریزانەکە بفرۆشێت و 50 ملیۆن یۆرۆش وەک گۆڕانکاری لە گرێبەستەکەیدا هەبێت.
 
بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، ریال مەدرید لەسەر مەرجە تاکەکەسییەکان لەگەڵ ئێمباپێ رێککەوتووە، مووچەی یاریزانەکە 60 ملیۆن یۆرۆ دەبێت، بەڵام یانەکە هیچ هەنگاوێک نانێت تاوەکو پاریس بڕیاری فرۆشتنی نەدات.
 
لەگەڵ هەموو ئەم دەنگۆیانەشی کە لەبارەی یاریزانەکەوە بڵاودەکرێنەوە، کیلیان ئێمباپێ هیچ لێدوانێکی فەرمیی لەبارەی داهاتووی خۆیەوە نەداوە و کەس نازانێت بڕیاری کۆتایی یاریزانەکە چی دەبێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە