تادێت کێشەکانی وریا غەفووری قوڵتر دەبنەوە

20-06-2022
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن وریا غەفووری
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئیستقلالی تاران بۆ نوێکردنەوەی گرێبەست پەیوەندی بە وریا غەفووری، کاپتنی کوردی یانەکەوە نەکردووە و وەزیرێکی حکومەتی ئێرانیش رەخنەی تووند لەو یاریزانە دەگرێت و بە جوداخواز تۆمەتباری دەکات.
 
وریا غەفووری، کاپتنی یانەی ئیستقلالی تاران رایگەیاند، دوای ئەوەی مانگی رابردوو نازناوی پاڵەوانێتیی خولی پلە نایابەکانی ئێرانیان بەدەستهێنا، بە میدیاکانی راگەیاند کە ئامادەیە گرێبەستەکەی لەگەڵ ئیستقلال نوێ بکاتەوە و چاوەڕوان بوو یانەکە رێز لە کاپتنەکەی بگرێت، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ هیچ پەیوەندییەکی پێوە نەکراوە بۆ نوێکردنەوەی گریبەستەکەی.
 
لەلایەکی دیکەوە، رۆستەم قاسمی، وەزیری رێگەوبان و نیشتەجێکردنی ئێران لە تویتێکدا هێرشیکردەسەر وریا غەفووری و بەهۆی بەکارهێنانی هاشتاگی "کوردستان" لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر لە لایەن ئەو یاریزانە کوردەوە بە جوداخواز تۆمەتباری کرد.
 
وریا غەفووری لە رۆژانی رابردوودا لە دوو تویتدا هاشتاگی "کوردستان"ی بەکارهێناوە. لە یەکێکیاندا وێنەیەکی خۆی لە سنە بڵاوکردووەتەوە و لە دووەمیشیاندا دەڵێت، رەگ و ریشەی لەو خاکەدا هەیە و جێی ناهێڵێت.
 
وریا غەفووری، ئەستێرەی کورد لە ساڵی 2016ـەوە لە یانەی ئیستقلال تەهران یارییدەکات، کاپتنی یانەکەیە و یەکێک لە کاریگەرترین ئەستێرەکانی یانەکە بووە، بەڵام پێشتر بەهۆی هەڵوێستەکانییەوە رووبەڕووی کێشەی زۆر بووەتەوە و هەر بەو هۆیەشەوە لە هەڵبژاردەی ئێران دوورخراوەتەوە و ئەگەری هەیە گرێبەستەکەشی لە یانەکەی تاران نوێنەکرێتەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە