رووداو دیجیتاڵ
ئاریگۆ ساکی، راهێنەری پێشووی یانەی میلانی ئیتاڵی و هەڵبژاردەی ئیتاڵیا، هۆشداری دایە سەرۆکی ریال مەدرید لە بڕیاردان لە دوورخستنەوەی کارلۆ ئەنچێلۆتی لە مەشقدانی یانەکە.
ساکی کە ماوەی ساڵێک بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەی ریال مەدرید بووە، بەرگرییەکی تووند لە کارلۆ ئەنچێلۆتی و دەستکەوتەکانی لەگەڵ ریال مەدرید دەکات و دەڵێ نابێ لەبیر بکرێت ئەو چیکردووە بۆ یانەکە.
لە دوای چوونە دەرەوەی ریال مەدرید لە قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر ئارسیناڵ، گوشاری زۆر لەسەر کارلۆ ئەنچێلۆتی دروستبووە و دەنگە ناڕازییەکان بەرامبەر ئەو راهێنەرە لە مەدرید لە زیادبووندان.
کارلۆ لە دوایین لێدواندا لەبارەی داهاتووی خۆیەوە، دووپاتیکردەوە کە پەیوەندی لەگەڵ سەرۆکی یانەکەدا باشە و سوپاسی یاریزانەکانی کرد.
ئەریگۆ ساکی لە لێدوانی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی داهاتووی کارلۆ ئەنچێلۆتییەوە دەڵێ، ئەوەی خەمبارم دەکات، وێڕای ئەوەی کە بەشێکە لە تۆپی پێ، بەڵام ئەوەیە کە هەمووان رەخنە لە کارلیتۆ دەگرن بەهۆی چوونە دەرەوەی ریال مەدرید لە چامپیۆنزلیگ و بەرپرسیارێتی رووداوەکە دەخەنە ئەستۆی ئەو.
هەروەها دەڵێ، "ئەوانەی ئەو داوایەیان هەیە، دەزانن ئەنچێلۆتی کێیە؟ دەزانن ئەو چی بەدەستهێناوە؟ بەلای منەوە ئەو مامۆستای راستەقینەی تۆپی پێیە، نەک تەنیا لەبەرئەو نازناوانەی بەدەستیهێناون، بەڵکو لەبەر تایبەتمەندییە مرۆییەکانیشی. ریال مەدرید دەبێ زۆر بیر بکاتەوە، ئینجا بڕیار بدات دەستبەرداری کەسێکی وەک کارلیتۆ ببێت".
راهێنەرە ئیتاڵییە تەمەن 79 ساڵییەکە هەروەها دەڵێ، "با تەماشایەکی تیپەکەی بکەین لە وەرزی ئەمساڵدا، ئەوان پێکانی زۆریان هەبوو، ناچاربوون چەندین یاریی بەبێ چەندین بەرگریکەری ئاسایی ئەنجام بدەن".
ساکی رەخنەی لە پلاندان و شێوازی بەڕێوەبردنی یانە ئیسپانییەکە گرتووە و دەڵێ، "ریال مەدرید گرێبەستیان لەگەڵ هێرشبەرێکی وەک ئێمباپێ کرد، دەبوو ئەو ببێتە دیاردەیەکی ناوازە، بەڵام بەو شێوەیە دەرنەکەوت".
زیاتر دەڵێ، "من ریال مەدرید باش دەناسم، هەروەها فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆک، چونکە من خۆم بەڕێوەبەربووم لە یانەکە. ئەو سەرۆکێکی نایابە، بەڵام زۆر چاوی لەسەر هێرشبەرانە".
ساکی، کە بەباوکی رۆحیی چەندین راهێنەری گەورەی ئێستای جیهان دادەنرێت، نهێنییەک لەبارەی ماوەی کارکردنی لەگەڵ ریال مەدرید ئاشکرا دەکات و دەڵێ، "دەزانن من سێ مانگی رێک شەڕم لەگەڵ فلۆرێنتینۆ پێرێز کرد تاوەکو رازیمکرد گرێبەست لەگەڵ سێرجیۆ رامۆس بکات، ئەو هیچ بایەخ بەبەرگریکەران نادات".
ساکی وەک راهێنەر لە چەندین یانەی جیاواز کاریکردووە، لووتکەی دەستکەوتەکانی لەگەڵ میلان بووە کە لە هەردوو وەرزی 1988 - 1989 و 1989 - 1990 نازناوی چامپیۆنزلیگی لەگەڵ ئەو یانەیە بەدەستهێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ