مۆدریچ: هیچ شتێک لەوە باشتر نییە یاری بۆ ریال مەدرید بکەیت

20-04-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن لوکا مۆدریچ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لوکا مۆدریچ، ئەستێرەی کرواتی و یانەی ریال مەدرید دەڵێت "هیچ شتێک لەوە باشتر نییە یاری بۆ ریال مەدرید بکەیت و یارییکردن لە ئینگلتەراش ئاڵنگارییەکی گەورەیە."
 
مۆدریچ لە هەڤپەیڤینێکی نوێدا لەبارەی یارییکردنی بۆ یانەی ریال مەدرید دەڵێت "من لە ئیسپانیام، هیچ شتێک لەوە باشتر نییە یاری بۆ ریال مەدرید بکەیت، بەڵام خولی ئینگلتەرا بەشێوەیەکی گشتی ئاڵنگارییەکی گەورەیە و یەکێکە لە بەهێزترین خولەکانی جیهان."
 
ئەستێرەی یانەی ریال مەدرید زیاتر قسەیکرد و گوتی "باشترین شت ئەوەیە کە کولتووری تۆپی پێ ناوازەیە و دەبێت ئەزموونی بکەیت بۆ ئەوەی بتوانیت حوکم بدەیت، نزیکەی هەموو هەفتەیەک یارییەکی گەورە هەیە و ئەوەش وادەکات یاریزانەکان بیر لە پەیوەندیکردن بە لالیگاوە بکەن."
 
لوکا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت "دوای ئەوەی لە پرێمەرلیگ رۆیشتم، لە سەیرکردنی یارییەکانی دوورنەکەوتوومەتەوە و تاوەکو ئێستاش سەیری یارییەکانی تۆتێنهام دەکەم."
 
لوکا مۆدریچ، ماوەیەکی زۆرە لە یانەی ریال مەدرید یاریی دەکات و یەکێکە لە ئەستێرە دیارەکانی ئەو یانەیە، بەڵام دیارنییە وەرزی داهاتوو یاریزانەکە لەگەڵ ئەو یانەیە بەردەوام دەبێت یان نا.
 
مۆدریچ لە 2012ـەوە لە یانەی تۆتێنهام پەیوەندیی بە ریزەکانی یانەی ریال مەدرید کردووە، گرێبەستەکەی لە هاوینی ئەمساڵ کۆتاییدێت، تاوەکو ئێستا هەردوولا هیچ هەنگاوێکیان نەناوە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی نوێکردنەوەی گرێبەستی یاریزانەکە، بەمەش داهاتووی ئەستێرە کرواتییەکە لەگەڵ یانەی شاهانە دیارنییە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە