پاریس سانجێرمان دەیەوێت تۆڵەی بردنی ئێمباپێ لە ریال مەدرید بکاتەوە

20-03-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ناسر خلێفی ریال مەدرید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

میدیای ئیسپانیا رایگەیاند، پاریس سانجێرمان هێشتا ئازاری گرێبەستکردنی ریال مەدرید لەگەڵ کیلیان ئێمباپێی تینەپەڕاندووە و بەدوای دەرفەتێکدا دەگەڕێت بۆ تۆڵەکردنەوە لە ریال مەدرید.
 
کیلیان ئێمباپێ، کە گەڕاوەتەوە پێکهاتەی هەڵبژاردەی فەرەنسا بۆ یاریی چارەکی کۆتایی خولی نەتەوەکانی ئەوروپا و ئەمڕۆ بەرامبەر کرواتیا یاری دەکات، هاوینی رابردوو بەگواستنەوەیەکی بێبەرامبەر پەیوەندی بە یانە ئیسپانییەکەوە کرد، دوای ئەوەی رەتیکردەوە گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی پایتەختی فەرەنسا نوێ بکاتەوە.
 
ریال مەدرید لە مانگی ئابی 2022 دەستەوارەیەکی بەنزیکەی 200 ملیۆن یۆرۆی پێشکەشی پاریس سانجێرمان کرد بۆ گواستنەوەی ئێمباپێ، ئەمەش پاریس سانجێرمانی تووڕە کرد و بووە هۆی پچڕانی پەیوەندی نێوان هەردوو یانەکە، کە پێدەچێت لە قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگی ئەم وەرزەدا رووبەڕووی یەکدی ببنەوە.
 
سانجێرمان تۆڵەی دەوێت
 
رۆژنامەی مارکای ئیسپانی رایگەیاندووە، یانە فەرەنسییەکە هێشتا بەتەواوی دەرئەنجامەکانی رۆیشتنی کیلیان ئێمباپێی هەرس نەکردووە، بەتایبەتی کە بەبێ ئەوەی هیچ قەرەبوویەکی دارایی بۆ بکرێتەوە لەو یانەیە رۆیشت، و هێشتا لە ناکۆکیدایە لەگەڵ کیلیان و رووبەڕووی داوای یاسایی تێچووی زۆری دەبێتەوە.
 
رۆژنامەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ئێمباپێ داوای 55 ملیۆن یۆرۆ دەکات و وەک قەرەبوو بۆ نەدانی مووچە و پاداشتەکانی وەرزی رابردووی.
 
ئاماژەی بەوەشکردووە، ناسر خلێفی، سەرۆکی پاریس سانجێرمان هێشتا پرسی رۆیشتنی ئێمباپێی بۆ ریال مەدرید لەبیرنەکردووە، بۆیە دەیەوێت تۆڵە بکاتەوە و ئەمجارە دەست بۆ یاریزانانی ئەکادیمیای ریال مەدرید دەبات.
 
میدیای ئیسپانیا باس لەوە دەکەن کە پاریس سانجێرمان بەدواداچوون بۆ ئەگەری بردنی چەند یاریزانێک لە گەوهەرەکانی ئەکادیمیای ریال مەدرید دەکات، کە لەم وەرزەدا هەندێک لە یاریزانە لاوەکانی ئەو ئەکادیمیایە بەئاستێکی بەرز دەرکەوتوون و هەندێکیان کاریگەرییەکی گەورەیان لەسەر کارلۆ ئەنچێلۆتی راهێنەر و ستافەکەی دروستکردووە.
 
ئەو سەرچاوانە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ئەو یاریزانانەی پاریس سانجێرمان دەیەوێت بیانباتە پاریس، سەرنجی یانەکانی دیکەشیان بۆ خۆی راکێشاوە.
 
هەوڵەکانی یانە فەرەنسییەکە زەنگی ئاگادارکردنەوەی لە یانەی ریال مەدرید لێداوە، کە ئاگاداری جوڵەکانی پاریس سانجێرمانن بۆ بردنی چەند یاریزانێک لە ئەکادیمیاکەیان.
 
خلێفی و ریال مەدرید لە دەوحە
 
چەند رۆژێک لەمەوبەر تیپی لاوانی ریال مەدرید بەشداری لە پاڵەوانێتی ئەلکاس لە دەوحە کرد و نازناوەکەی بەدەستهێنا، و برایان بوگارین تەمەن 16 ساڵ وەک باشترین یاریزانی پاڵەوانێتییەکە دەرکەوت و دوای چەند رۆژێک یەکەم گرێبەستی پیشەگەرانەی لەگەڵ یانەی ریال مەدرید واژۆکرد.
 
ریال مەدرید لە یاریی کۆتاییدا لە پاریس سانجێرمانی بردەوە، دوای ئەوەی لە قۆناخی یەکەمی پاڵەوانێتییەکەدا بە یانەی پاریس سانجێرمان دۆڕا.
 
مارکا ئاماژەی بەوەشکردووە "کاتێک خلێفی دوای یارییەکە چووەتە ژووری جلگۆڕین بۆ ئەوەی دەستخۆشی لە یاریزانەکانی هەردوو تیپەکە بکات، بەتەنیا قسەی لەگەڵ هەندێک یاریزانی ریال مەدرید کردووە، بەڵام لەلایەن ریال مەدریدەوە چاودێری جوڵەکانی کراوە".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە