رووداو دیجیتاڵ
یاریی لووتکەی ئەمشەوی رکابەرییەکانی نەیشنسلیگ لە یاریگەی سانسیرۆ دەبێت لە میلانۆ، کاتێک هەڵبژاردەی ئیتاڵیا لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا میوانداریی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا دەکات.
ئازووری رۆژی چوارشەممە دوایین مەشق و راهێنانەکانی لەژێر سەرپەرشتیی لوچیانۆ سپالێتی ئەنجامدا و دەیەوێت لە یاریگەی خۆیدا بە ئەنجامێکی باشەوە بێتە دەرەوە، بۆ ئەوەی لە دۆرتموند رکابەری لەسەر گەیشتن بە قۆناخی پێشکۆتایی بکات.
هەڵبژاردەی ئیتاڵیا پێشتر دووجار گەیشتووەتە قۆناخی پێشکۆتایی نەیشنسلیگ، بەڵام تاوەکو ئێستا نەیتوانیووە نازناوەکە بباتەوە.
بەهۆی پێکانەوە، ماتیۆ ریتیگی، ئەستێرەی یانەی ئاتالاتنا و گۆڵکاری ئەم وەرزەی سێری ئا بە تۆمارکردنی 22 گۆڵ، لە مەشقەکانی ئیتاڵیا دوورخرایەوە و بەهۆی ئەو پێکانەی لە ماسوولکەکانی رانیدا تووشی بووە ناتوانێت بەشداری لە یارییەکەدا بکات و بەشداریکردنی ماتیا زاگانی و ئاندریا کامبیاسۆش دیارنییە.
هەڵبژاردەی ئەڵمانیا بەهێزەوە خۆی بۆ ئەم یارییە ئامادەکردووە و دەیەوێت درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات بەرامبەر ئیتاڵیا و لە دەرەوەی یاریگەی خۆی هەنگاوی یەکەم بەرەو قۆناخی داهاتوو بنێت.
مانشافت لەژێر سەرپەرشتی یولیان نایگێلسمان رۆژی چوارشەممە دوایین راهێنانەکانی ئەنجامدا، سەرجەم یاریزانەکانیان بۆ یارییەکە ئامادەیە، لەپێش هەمووانەوە دێنیس ئونداڤ، ئەستێرەی کوردی یانەی شتوتگارت.
هەڵبژاردەی ئەڵمانیا لە ساڵی 2012ـەوە شەش یاریی بەرامبەر ئیتاڵیا کردووە، هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە.
یاریی ئەمشەویان یاریی چوون دەبێت، یاریی گەڕانەوە رۆژی یەکشەممە لە یاریگەی سیگناڵ ئیدونا پارک دەکرێت و براوەی یارییەکەیان لە قۆناخی پێشکۆتایی نەیشنسلیگدا بەرامبەر براوەی یاریی پۆرتوگال و دانیمارک یاری دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ