رۆناڵدۆ ئەمشەو مێژووییەکی نوێ تۆمار دەکات

20-03-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن کریستیانۆ رۆناڵدۆ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەچێتە نێو مێژووییەکی نوێ و یەکەم یاریی لە تەمەنی 40 ساڵیدا بەدرێسی هەڵبژاردەکەوە ئەنجامدەدات، کاتێک لە یاریی چوونی قۆناخی هەشتی نەیشنسلیگدا بەرامبەر دانیمارک یاریی دەکەن.
 
یاریی چوونی ئەم قۆناخەی پاڵەوانێتییەکە، ئەمشەو لە پارکن ستادیۆن لە کۆپێنهاگن بەڕێوەدەچێت، کریستیانۆ رۆناڵدۆ، سەرکردە و کاپتنی تیپەکەیە و لە یارییەکەدا مێژووییەکی نوێ بە ناوی خۆیەوە دەکات و یەکەم یاریی لە تەمەنی 40 ساڵیدا بۆ هەڵبژاردەکە ئەنجامدەدات و بەتەواوی بۆ یارییەکە ئامادەیە.
 
رۆناڵدۆ لە 2003ـەوە یاری بۆ هەڵبژاردەی پۆرتوگال دەکات، ئێستا دۆن خاوەنی 928 گۆڵە لە کاروانی یارییکردنیدا و دەیەوێت هێشتا لە گەیشتن بە هەزار گۆڵ نزیکببێتەوە.
 
کریستیانۆ لەم وەرزەدا لە 33 یارییدا 28 گۆڵی کردووە و 4 ئاسیستی هەیە، ئەو تەمەنی 18 ساڵ و 6 مانگ و 15 رۆژ بوو کاتێک دەستیپێکرد، ئێستا تەمەنی 40 ساڵ و مانگێک و پێنج رۆژە و بەردەوامە.
 
پۆرتوگال لە دوایین سێ یارییدا بەرامبەر هەڵبژاردەی دانیمارک هەرسێ یارییەکەی بردووەتەوە، ئەمشەو دەیەوێت لە دەرەوەی یاریگەی خۆی ئەنجامێکی باش بەدەستبهێنێت بۆ ئەوەی لە یاریی گەڕانەوەدا لەنێو یاریگەی خۆیدا بگاتە قۆناخی داهاتوو.
 
پۆرتوگال یەکەم نازناوی نەیشنسلیگی بردووەتەوە، بەڵام دوای ئەوە لە دوو وەرزی بەدوای یەکدا نەیتوانیووە بگاتە قۆناخی پێشکۆتایی.
 
یاریی گەڕانەوەی نێوان هەردوو هەڵبژاردە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو لە پۆرتوگال دەکرێت و براوەی یارییەکە بەرامبەر براوەی یاریی نێوان ئیتاڵیا و ئەڵمانیا یاری دەکات.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە