راهێنەری یانەی رزگاری: نەمویست زیاتر رەزام قورس بێت

20-03-2025
سیڤەر بێستوون
نیشانەکردن ئەنوەر رەشید دەستلەکارکێشانەوە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دوای ئەوەی ئەنوەر رەشید وازی لە راهێنەرایەتی یانەی رزگاری هێنا، بە رووداوی گوت "ئەوەی لەسەرم بوو کردم، یانەکەم گەیاندەوە خولی نایابی کوردستان و لەبەرئەوە دەستملەکارکێشایەوە بۆ ئەوەی زیاتر رەزام قورس نەبێت".
 
یانەی رزگاری هەشت یارییە تامی سەرکەوتنی نەکردووە، ئەمەش وایکردووە یانەکە لە پلەی سێیەمەوە دابەزێتە پلەی هەشتەم لە ریزبەندیی خولی نایابی کوردستان و دەرئەنجام ئەنوەر رەشیدی راهێنەری یانەکە وازهێنانی پێباشتربوو لە بەردەوامبوون. 
 
ئەنوەر رەشید، راهێنەری پێشووی یانەی رزگاری لە لێدوانێکیدا بۆ رووداو رایگەیاند "من لەژێر گوشاری هاندەراندا بووم، دەچوومە بازاڕ، ئەوەی منی دەبینی گلەیی لێیدەکردم و باسی خراپی دۆخی یانەکەی دەکرد، بۆیە بەڕاستی من خۆم بۆ نەگیرا و بڕیارمدا دەستلەکاربکێشمەوە". 
 
ئەو راهێنەرە زیاتر بۆ رووداو ئاشکرای کرد "هەموو ژیانی خۆم تەرخان کردبوو بۆ یانەکەم، تەنانەت ئەرکەکەشم کە مامۆستا بووم لە قوتابخانە، وایلێهاتبوو ئاگام لە ماڵەوەش نەمابوو، بەڵام بەم دواییانە خوای گەورە سەرکەوتووی نەدەکردین و منیش پێم باشبوو بە شکۆوە وازبهێنم، نەوەک زیاتر رەزام قورس بێت". 
 
یانەی رزگاری وەرزی رابردوو بۆ یەکەمجار لە مێژووییدا سەرکەوت بۆ خولی نایابی کوردستان، کە ئەنوەر رەشید چ وەک یاریدەدەری راهێنەر، چ وەک سەرپەرشتیار و چ وەک راهێنەر رۆڵی گەورەی بینیوە لە سەرخستنی یانەی رزگاری بۆ خولی نایابی کوردستان.                                                                                                                               

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە