رووداو هەولێر
چاودێر و هاندەرانی وەرزشی وڵاتانی عەرەب گەشبینن بە ئاستی هەڵبژاردەکانیان و بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باش لە یارییەکانی پاڵاوتنی گەیشتن بە مۆندیالی 2026.
هەڵبژاردەی عێراق لە کۆمەڵەی دووەم رکابەرییەکی بەهێز دەکات و بەکۆکردنەوەی 11 خاڵ لە پلەی دووەمی ریزبەندییە، عێراق و هاندەرانیان ئەمشەو کاژێر 9:10 لەنێو یاریگەی نێودەوڵەتی بەسرە میوانداری هەڵبژاردەی کوێت دەکەن، عێراقییەکان تەنیا ئامانجیان سێ خاڵی یارییەکەیە و دەیانەوێت دوای 39 ساڵ بۆ جاری دووەم بگەنە یارییەکانی مۆندیال.
عێراق بەسەرپەرشتی خیسوس کاساس، راهێنەر لەنێو کەشێکی دوور لە گوشار و دوور لە چاوی میدیاکان لە یەکێک لە میوانخانەکانی نێو شاری وەرزشیی بەسرە ئامادەکارییەکی زۆری کردووە، هەڵمەتێکی گەورەش لەلایەن حکومەتی عێراق و هاندەرانیان بۆ پاڵپشتی لە تیپەکەیان ئەنجامدراوە.
حەسەن مۆلا، ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو، رایگەیاند "یارییەکە چارەنووسسازە بۆ ئێمە، بەڵام شێوازی ئامادەکاریی و راهێنانی تیپەکە زۆر جێگای هیوا و گەشبینی ئێمەیە، خاڵێکی دیکەی بەهێزی تیپەکەمان بوونی پێکهاتەیەکی بەهێزی پڕ لە یاریزانی ئاستبەرزە، کە لە یانەکانی ئەورووپا و سعودیە لەگەڵ خولی ناوخۆ یاریدەکەن، داواکارم لە راهێنەر بە تەکتیکی یاریی بەکۆمەڵ یاریی بکات، نەک تەنیا چاوییان لەسەر توانای یەک یاریزان بێت".
هەر لە کۆمەڵەی دووەم هەڵبژاردەی ئوردن لەنێو یاریگەی خۆیدا یاریی لەگەڵ هەڵبژاردەی فەڵەستین دەکات، تیپی نەشامە خاوەن پلەی دووەمی وەشانی رابردووی جامی نەتەوەکانی ئاسیایە، خاوەن 9 خاڵە و پلەی سێیەمی کۆمەڵەکەی گرتووە.
عەبدلوڕەزاق عوێمر، شرۆڤەکاری تۆپی پێ لە ئوردن لەبارەی ئاستی هەڵبژاردەکەیان بۆ رووداو گوتی "ئێمە وەک گەلی ئوردن زۆر چاوممان لەسەر ئەو یارییەیە و هەڵەمان قبوڵ نییە، لەبەرئەوەی هەڵبژاردەی فەڵەستین هێڵی هێرشبەری بەهێزە و دەبێت ئێمە بەوریایی مامەڵەیان لەگەڵدا بکەین، سێ خاڵی یارییەکە گرنگە بۆ هەڵوێستمان لە پاڵاوتنەکانی مۆندیال. بەداخەوە عەلی عەلوان ئەستێرەی هەڵبژاردەکەمان بەهۆی پێکان ناتوانێت لە یارییەکەدا بەشداری بکات، بەڵام ئێمە خاوەن موسا تەعمەرین کە بە "مێسی عەرەب" ناسراوە، بۆیە متمانەم بە ئەستێرەکانمان بۆ سەرکەوتن هەیە".
هەڵبژاردەی بەحرەین خاوەن نازناوی دوایین جامی کەنداو، دوور لە هاندەرانی یاریی لەگەڵ هەڵبژاردەی ژاپۆن دەکات، بەحرەین لە پاڵاوتنەکانی مۆندیال ئاستێکی باشی پێشکەش نەکردووە، تەنیا بردنەوەیەکی هەیە لەگەڵ سێ یەکسانبوون و دوو دۆڕانی هەیە. تیپەکە بەکۆکردنەوەی 6 خاڵ لە پلەی پێنجەمی ریزبەندیی کۆمەڵەی سێیەمە.
محەممەد عەبدولغەفار، بەرپرسی راگەیاندنی هەڵبژاردەی بەحرەین، لەبارەی بارودۆخیان لە ژاپۆن بۆ رووداوی روونکردەوە "لەنێو کەش و هەوایەکی ساردی وڵاتی ژاپۆن بۆ سێ خاڵی یارییەکە دەجەنگین، راهێنەرمان خوێندنەوەی بۆ خاڵە بەهێزەکانی رکابەرەکەمان کردووە ".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ