پاولۆ دیبالا.. یادەوەرییەکانی یارییکردن لەگەڵ مێسی و رۆناڵدۆ و رووداوەکانی جامی جیهانی

20-02-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن پاولۆ دیبالا کریستیانۆ رۆناڵد لیۆنێل مێسی مۆندیال
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە نێو ئەو نەوە زێڕینەی لە کۆتاییەکانی 2022دا کۆتاییان بە ساڵانی دوورودرێژی چاوەڕوانیی ئەرجەنتینییەکان، بۆ نازناوی جامی جیهانی هێنا، پاولۆ دیبالا، بەیەکێک لە ئەستێرە درەوشاوەکانی تانگۆ دادەنرێت.
 
پاولۆ لە هەڵبژاردەیەکدا کە ئەفسانەیەکی وەک مێسی و درەوشاوەیەکی وەک دیماریا و ئەستێرەیەکی وەک لاوتارۆی تێدایە، ئەو یاریزانە بوو کە بەشداربوو لە بونیادنانی خەونە مێژووییەکە لە گۆڕەپانەکانی بۆینس ئایرسدا.
 
دیبالا لە یانە جیاوازەکاندا دەرکەوت، سەرەتای ئەو لە پالێرمۆ بوو، لووتکەی ئاست و درەوشانەوەی لەگەڵ یوڤێنتوس بوو، ئەو یانەیەی لەگەڵیدا پێنج نازناوی خولی بەدەستهێنا و لە رۆژانی گەیشتنە لووتکەی یانەکەدا، بەشداریی کارای هەبوو. ئەو هاوینی رابردوو ئیدی تۆرینۆی بەجێهێشت و روویکردە رۆمای پایتەخت.
 
کاروانی درەوشانەوەی دیبالا لە ئیتاڵیا لە ساڵی 2012ەوە دەستپێدەکات، ئەو ساڵانەی ئەو گەنجێکی تازە دەرکەوتووی خەون لەسەر هەڵچنراوبوو، کە بەدوای سەرەداوی گەیشتن بە خەونەکانی خۆیدا دەگەڕا بۆ دۆزینەوەی رێگەیەک بۆ سەرکەوتن.
 
ئەمڕۆژانە ئەو لە چاوپێکەوتنێکی میدیاییدا، هەڵوەستە لەسەر رووداوە جیاوازەکان و راهێنەرە جیاوازەکانی کاروانی یارییکردنی خۆی دەکات.
 
مۆرینیۆی ئەزموون بەخش
 
هاوینی رابردوو، کاتێک ئەو بڕیاریدا دریسی گورگە سوورپۆشەکانی نێو ئۆڵەمپیکۆ لەبەربکات، خۆیشی باوەڕینەدەکرد رۆمانشینەکان بەو شێوەیە پێشوازیی لێبکەن و بەخێرهاتنی بکەن.
 
هاندەر رژانە سەر شەقامەکان و پێیانوابوو، دیبالاش بەشێکی دیکەیە لە بەخشندەییەکانی جۆزێ مۆرینیۆ لەگەڵ یانەکەیاندا، بەڵام ئێستا سپێشەڵ وەن لە رۆما نەماوە و دیبالا لەگەڵیدا بەردەوامە.
 
کارکردن لەگەڵ مۆرینیۆ، بۆ دیبالا قۆناخێکی دیکەی گەشەکردن بوو، دیبالا دەڵێ، "کارکردن لەگەڵ مستەر مۆرینیۆ پاڵنەر و هۆکارێکی دیکەی گرنگی گەشەکردن بوو بۆ من. بێگومان ئەو راهێنەرەی زۆری لە ژیانیدا بەدەستهێناوە، ئەزموونی خۆیت بۆ دەگوازێتەوە و ئەوەش هاوکاریت دەکات بۆ گەشەکردن وەک یاریزانێکی تۆپی پێ".
 
بۆچوونێک هەیە کە ئیدی مۆ، توانای کارکردنی لەگەڵ یانە گەورەکان نەماوە، رازیبوون بە مەشقدانی یانەکانی وەک تۆتێنهام و رۆما، لە پاش ساڵانی گەورەی درەوشانەوە لەگەڵ چێڵسی، ئینتەرمیلان، ریال مەدرید و مانچێستەر یونایتد، لای لایەنگرانی ئەو بۆچوونە، هیچ نییە جگە لە بەڵگەیەکی گومانهەڵنەگر لەسەر بەسەرچوونی سەردەمی مۆ لەگەڵ یانە گەورەکان، بەڵام لای دیبالا، چیرۆکەکە بەو شێوەیە نییە، ئەو دەڵێ "لە راستیدا نازانم داهاتوو چی بۆ ئەو پێیە، بەڵام بەدڵنیاییەوە من ئەو کەسەنیم پێشبینی بۆ داهاتووی ئەو بکەم، لەگەڵ ئەوەشدا، دڵنیام لەوەی لە مەشقدانی یانە گەورەکان بەردەوام دەبێت".
 
دووجار لەگەڵ ئالێگری
 
دیبالا دووجار لەگەڵ ماسیملیانۆ ئالێگری، راهێنەری یوڤێنتوسدا کاریکرد. دوو ساڵیش لە کارکردن لەگەڵی دابڕا، کاتێک ئەو راهێنەر لە 2019 مەشقدانی تیپەکەی بەجێهێشت و دواتر لە 2021 گەڕایەوە بۆ هەمان پۆست.
 
ئەو دووجارەی دیبالا یاریزانی ئالێگری بوو، ئەو یاریزانە بەقۆناخی جیاوازی تەمەنیدا تێدەپەڕی، ئەو لە جاری یەکەمدا، کە لە 2014 تاوەکو 2019 درێژ دەبێتەوە، دەڵێ "یارییکردن لەژێر سەرپەرشتیی ئالێگریشدا بۆ من نموونەیی بوو، کاتێک گەیشتمە یوڤێنتوس لە پالێرمۆوە، ئەوکات بچووک بووم و هاتمە تیپێکەوە چەندین یاریزانی نائاسایی وەک بوفۆن و کیلینی تێدابوو، لەگەڵ چەندین پاڵەواندا، لە شێوەی تێڤێز، هیگواین و پاشان کریستیانۆ رۆناڵدۆ. ئەوکات من بچووک بووم، بەڵام بەخێرایی گەشەمکرد و لە ئالێگری و هاوڕێکانمەوە زۆر شت فێربووم، ئەوانە ساڵانی جوان بوون کە دەستکەوتی زۆرمان تێدا بەدەستهێنان".
 
جاری دووەمی کارکردن لەگەڵ ئالێگری جیاوازبوو، دیبالا دەڵێ "لەجاری دووەمی هاتنەوەی ئالێگریدا، من زیاتر پێگەیشتبووم، بەشێوازێکی دیکە کارمانکرد، بەڵام هەمیشە لەگەڵ ئەو بەها زیادەیەدا کە ئالێگری دەیداتە تیپەکە، کە بریتییە لە ویستی بردنەوە و کارکردنی بەردەوام لەپێناو سەرکەوتن، ئیدی کارەکان جیاوازتر دەبن".
 
مۆندیال.. ئەو هەستەی باسناکرێت
 
رۆژی 18ی دوانزەی 2022، لەسەر یاریگەی لوسەیل لە قەتەر، لە یارییە چارەنووسسازەکەی ئەرجەنتین بەرامبەر فەرەنسا، پاولۆ دیبالا یەکێکبوو لەو یاریزانانەی لێدانە یەکلاکەرەوەکانی جێبەجێکرد و گۆڵی تۆمارکرد، گۆڵەکەی دیبالا، لەگەڵ یاریزانانی دیکەی تیپەکەدا، کۆتایی بەهەموو شت هێنا و ئەرجەنتینی بردەوە لووتکەی تۆپی پێی جیهان.
 
ئەو تاوەکو ئێستا، لەبەردەم باسکردنی ئەو شەوەدا ناتوانێ گوزارشتی تەواو لە هەستەکانی خۆی بکات، ئەو دەڵێ، "هەرگیز ئاسان نییە باسی هەستەکانم بکەم لەو شەودا، ئەو شەوە مەزنترین هەستی سۆزداریم هەبوو لە ژیانمدا، کاتێک جامەکەم بەرزکردەوە، بیرم لە باوانم و ماڵباتەکەم دەکردەوە، چونکە من ئەوکات ئیدی خەونە مەزنەکەی ئەوانم بەدیدەهێنا، بردنەوەی مۆندیال بۆ وڵاتەکەم. هەرگیز ئەو ساتە لەبیر ناکەم، دڵخۆشم بەوەی رۆژێک لە رۆژان بۆ منداڵەکانمی دەگێڕمەوە، ئەوە چیرۆکێکی جوان دەبێت".
 
رۆناڵدۆ، وانەیەکی بێکۆتایی
 
ئەو ساڵانەی دیبالا لە یوڤێنتوس بوو، زۆر یاریزان و ئەستێرە هاتنە یانەکە و رۆیشتن، بەڵام هیچکامیان هێندەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، کاریگەریی و دەنگدانەوەی دروستنەکرد. یارییکردنی دیبالا و رۆناڵدۆ لە ریزەکانی خانمە پیرەکەدا سێ وەرزی خایاند، بەرلەوەی رۆناڵدۆ جارێکی دیکە بگەڕێتەوە مانچێستەر یونایتد.
 
ئەو یاریزانانەی بەشێوازی جیاواز و لە تیپی جیاواز بەرکەوتنیان لەگەڵ رۆناڵدۆدا هەبووە و هاوتیمی بوون، باس لە ویست و برسێتی بەردەوامی ئەو بۆ سەرکەوتن دەکەن، دیبالاش هەمان چیرۆکی لەگەڵ دۆندا هەیە، ئەو دەڵێ "کریستیانۆ رۆناڵدۆ لای من پاڵەوانەکەیە، یارییکردن لەگەڵیدا کارێکی زۆرنایاب بوو، بەڵام لەوە گرنگتر ئەوەیە کە هۆکارێک بوو بۆ ئەوەی زیاتر فێرببم، بەر لە هەرشت ویستی بەردەوامی ئەو بۆ بردنەوە و خۆباشترکردن جێگەی سەرنج بوو. من شۆک نیم کاتێک دەبینم ئەو ئێستا لە خولی سعودیە چیدەکات، ئەو دەزانێ چیدەکات".
 
مێسی، ئیلهامبەخشی هەمیشەیی
 
کەم روویداوە لە ساڵانی درەوشانەوە و لە لووتکەدابوونی کریستیانۆ رۆناڵدۆ و لیۆنێل مێسیدا، یاریزانێک هەلی ئەوەی بۆ بڕەخسێت هاوتیمی هەردوو ئەفسانەکە بێت، دیبالا یەکێکە لەو دەگمەنانە. جیاوازییەکە لە نێوان ئەو دووانەیەدا چییە؟ دیبالا دەڵێ، "وەک پێشتر گوتم، لە رۆناڵدۆوە فێری توانەوە لە نێو وەرزشدا بووم، هەروەها سووربوونی بەردەوام لەپێناو سەرکەوتن. بەڵام یارییکردن لەگەڵ مێسی خەونی منداڵیم بوو، مێسی سەرچاوەی ئیلهامی بەردەوامی من بوو، ئێمە بەختەوەرین بەوەی لەگەڵ ئەودا پێکەوە یارییمانکرد، ئەو، ئەو خۆشییەیە کە هەرگیز لەبیر ناکرێت، هەرگیز یارییکردن لە مۆندیال لەپاڵ ئەودا لەبیر ناکەم".
 
یاریی داهاتوو، داهاتووی منە
 
هەمووان دەبێ باسی داهاتووی خۆیان بکەن، دیبالاش بەهەمان شێوە، بۆ داهاتوو ئەو بیر لەچیدەکاتەوە؟ دەکرێ وەک رۆناڵدۆ روو لە خولی سعودیە بکات؟ یان بچێتە ئەمریکا نزیک لە مێسی؟ ئەو دەڵێ، "ئێستا تاکە شت کەبیری لێدەکەمەوە، یارییکردنە لە رۆما، من خۆم لەگەڵ رۆمادا دەبینمەوە، راهێنەرێکی باشمان هەیە کە دانیێلی دی رۆسییە و یەکێکبووە لە سیمبوولەکانی رۆما. ئەو بیرۆکەکانی خۆیمان دەداتێ، دەمەوێ هەموو ئەوەی لە توانامدایە پێشکێشی رۆما و ئەو هاندەرانەی بکەم کە بەشێوەیەکی نایاب پێشوازییان لە گەیشتنی من بۆ یانەکەیانکرد. دەمەوێت ئەنجامی باشمان هەبێت و وەرزی داهاتوو لە چامپیۆنزلیگ بین. ئێستا داهاتووی من تەنیا یاریی داهاتووی تیپەکەمە. دوای ئەوە بیر لە داهاتوو دەکەمەوە، بێگومان خولی سعودیە یەکێکە لە خولە گرنگەکان، هەروەها خولی ئەمریکا و خولە ئەوروپییەکانیش".
 
جارێکی دیکە مێسی و رۆناڵدۆ
 
کاروانی درێژی یارییکردنی دیبالا لە تۆپی پێدا، ئەویکردووەتە خاوەن هاوڕێ و هاوتیمی زۆر، بەڵام هەمووان وەک یەک لێیەوە نزیک نین، بۆیە کاتێک باسی نزیکترین سێ هاوڕێی خۆی دەکات، ئەو پێیوایە بریتین لە "لیۆنێل مێسی، کریستیانۆ رۆناڵدۆ و گۆنزالۆ هیگواین".
 
هەر کاروانە درێژەکەی ئەو لە یاریگەکاندا، چەندین سات و گۆڵی ناوازەیان تێدا تۆمارکراوە، بەڵام کامەیان لە هەمووان دڵگیرترە لای دیبالا؟ ئەو دەڵێ، "ئەگەر تەنیا یەک گۆڵ دەستنیشان بکەم، ئەو گۆڵە دەبێت کە وەرزی 2019 - 2020 بەئەسیستی ئارۆن رامسی لە ئینتەرمیلانم تۆمارکرد. پاشان لێدانە یەکلاکەرەوەکەی جامی جیهانی کە ئەوە لە هەمووان گرنگترە".
 
لە کۆتاییدا حەزدەکەی خەڵک چۆن تۆیان بیر بکەوێتەوە کاتێک لە دوورەوە باسی یادگارییەکانت لە یاریگەدا دەکەن؟ پاولۆ دەڵێ، "دەمەوێت خەڵک وەک یاریزانێکی بەهرەمەند منیان لەبیر بمێنێت، هەروەها دەمەوێت خەڵک وەک یەکێک لە ئیلهامبەخشەکان و پێشاندەرانی جوانییەکانی تۆپی پێ بیرم لێبکەنەوە، هەروەها دەمەوێت نموونەیەک بم بۆ گەنجان لە دەرەوە و ناوەوەی یاریگە، ئەمە لە هەموو شت بۆ من گرنگترە".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئامادەبوونی هاندەران لە ستۆدیۆی تایبەتی رووداو بۆ رووماڵی یارییەکانی یۆرۆی 2024. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

بینەرانی رووداو بوونە براوەی یۆرۆ 2024

بینەرانی رووداو بەشێوەیەکی زۆر ئینتراکتیڤ بەشدارییان لە بەرنامەکانی رووداو دا کرد، بۆ نیشاندانی بۆچوون و پێشبینییەکانیان، بە ملیۆنان تێچێن (کۆمێنت) بەشدارییان لەگەڵ بەرنامەی (ستۆدیۆی یۆرۆ)ی رووداو دا کرد. 84 بینەری رووداو لە پارێزگا جیاوازەکانی کوردستان بوونە براوەی خەڵاتەکانی رووداو. خەڵاتەکانیش بەوشێوەیە بوون:( یەک ئۆتۆمبێل، 23 تەلەڤزیۆن، 23 لیرەی زێڕ، 28 ئایپاد، 20 مۆبایلی زیرەک، 12 دەست کەلوپەلی نێوماڵ).