یانەی هەولێر بۆ رووداو: سکاڵا لەسەر سەمەد جەوهەر تۆمار دەکەین

19-12-2023
ئەحمەد حاجی @AhmedHajy10
نیشانەکردن سەمەد جەوهەر دیدار حامد یانەی هەولێر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

سەمەد جەوهەر، راهێنەری تیپی تۆپی پێی یانەی هەولێر بۆ خولی کوردستان، بە رووداوی راگەیاند، لە بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەکەی پاشگەز نابێتەوە و گوتی "کارگێڕیی یانەی هەولێر کە دەڵێت دەستلەکارکێشانەوەکەی قبوڵ ناکەین راست ناکەن، ئەوان پێیانخۆشە من بڕۆم، بەڵام دەیانەوێت لای هاندەران بە خراپ نیشانم بدەن". دیدار حامد، سەرپەرشتیاری تیپی تۆپی پێی یانەی هەولێر بۆ خولی کوردستانیش، بە رووداوی راگەیاند "ئەگەر سەمەد جەوهەر یاریی داهاتوو ئامادە نەبێت لای دادگا سکاڵای لەسەر تۆمار دەکەین". 
 
دوای ئەوەی یانەی هەولێر لە خولی کوردستان بە چوار گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک بە یانەی سەیدسادق دۆڕا، سەمەد جەوهەری راهێنەری تیپەکە نامەی دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەشی سەرپەرشتیاری تیپەکە کرد، بەڵام دەستەی کارگێڕیی یانەی هەولێر بە کۆی دەنگ دەستلەکارکێشانەوەکەی قبوول نەکرد.
 
دیدار حامد، سەرپەرشتیاری تیپی تۆپی پێی یانەی هەولێر بۆ خولی کوردستان، بە رووداوی راگەیاند، سەمەد جەوهەر هێشتا راهێنەری تیپەکەمانە و قبوڵمان نییە ئەو لە یانەکەمان بڕوات، کێشەکانی تیپەکە ئاسانن و دەتوانین بۆ یارییەکانی داهاتوو چارەسەریان بکەین.
 
دیدار حامد، ئەنجامە خراپەکانی یانەکەی بۆ هەڵەی تاکەکەسی یاریزانان گەڕاندەوە، و گوتی "ئەگەر چەند هەڵەیەکی بچووک نەبان ئێستا دۆخی تیپەکەمان لە ریزبەندی خولی کوردستان باشتردەبوو".
 
لەبارەی راهێنەری یانەکەیانەوە، دیدار حامد بۆ رووداو دووپاتی لەوە کردەوە کە سەمەد جەوهەر بەرپرسیاریەتییەکی لەسەر شانە و دەبێت بۆ یاریی داهاتوویان وەک راهێنەر ئامادەبێت و لەو بارەیەوە  گوتی "ئەگەر لە یاریی داهاتوودا سەمەد جەوهەر راهێنەراییەتی تیپەکە نەکات ئەوا لە رووی یاساییەوە رووبەڕووی بەرپرسیاریەتی دەبێت، و ئەوکات ئێمە لای دادگا و یەکێتێی تۆپی پێی کوردستان سکاڵای لەسەر تۆمار دەکەین، ئەگەرچی ئێمە نامانەوێت کارەکە بگاتە ئەو ئاستە".
 
تۆری میدیایی رووداو، پەیوەندی بە سەمەد جەوهەری راهێنەری دەستلەکارکێشاوەی تیپی تۆپی پێی یانەی هەولێر لە خولی کوردستانەوە کرد و ئەو دووپاتیکردەوە کە ئەمە بریاری کۆتاییە و بەهیچ شێوەیەک لێی پاشگەزنابێتەوە. 
 
سەمەد جەوهەر گوتی "من و دەستەی راهێنەران و کاڕگێڕیی یانەکە هەموومان بەرپرسین لەم دۆخەی هەولێر، بەڵام کارگێڕیی هەولێر نیازپاک نین لە رەتکردنەوە و قبوڵنەکردنی دەستلەکارکێشانەوەکەم، ئەوان ئەو بڕیارەی منیان بەدڵەو دڵخۆشن کە من وازم لە پۆستەکەم هێناوە".
 
سەمەد جەوهەر زیاتر بە رووداوی گوت "ئەوان ئازادن چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم بارودۆخە دەکەن، جا چ لە رێگەی دادگاوە بێت یان یەکێتیی تۆپی پێی کوردستانەوە، چونکە لە کۆتاییدا ئەوەی راست بێت ئەو سەردەکەوێت".
 
هەروەها گوتیشی "ئەوەی ئێستا کارگێڕیی یانەکە دەیکەن تەنیا نمایش و خۆدەرخستنە، بۆ ئەوەی ئەوان لە بەرامبەر هاندەران و شەقامی وەرزشیدا من بە خراپ نیشان بدەن، لە کاتێکدا ئەوان پیلانگێڕی زۆریان لە دژی من کردووە".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەی ئیسپانیا جامی یۆرۆی 2024 بەرزدەکاتەوە. وێنە: AFP

ئیسپانیا بۆ چوارەم جار بووە پاڵەوانی جامی یۆرۆ

ئیسپانیا بۆ جاری چوارەم بووە پاڵەوانی جامی یۆرۆ دوای ئەوەی لە یاری کۆتایی پاڵەوانێتییەکە کە لە یاریگەی ئۆلیمپیا ستادیۆم لە بەرلین بەڕێوەچوو، بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لە ئینگڵتەرای بردەوە.