کلاسیکۆی گواستنەوە دەستیپێدەکات

19-12-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ریال مەدرید بارسێلۆنا گواستنەوەی یاریزانان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کلاسیکۆی نێوان هەردوو یانەی ریال مەدرید و بارسێلۆنا بۆ رکابەریکردن لەسەر گواستنەوەی یاریزانێک دەستپێدەکات و یاریزانەکەش قسەی خۆی دەکات.
 
هەردوو یانە ئیسپانییەکە چاودێریی یارییەکانی یانەی فلومینێنسی بەرازیلی دەکەن لە مۆندیالی یانەکاندا و دەیانەوێت رکابەری لەسەر گواستنەوەی ئاندرێی ناوەڕاستکاری ئەو یانەیە بکەن، کە لە ماوەی رابردوودا لەگەڵ یانەکە بە ئاستێکی بەرزەوە دەردەکەوێت.
 
رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی هەواڵەکەی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت "هەردوو یانە ماوەیەکە چاودێریی تواناکانی ئەو یاریزانە دەکەن، ئاندرێ بەرامبەر یانەی ئەهلی میسری لە قۆناخی پێشکۆتایی مۆندیالی یانەکاندا جارێکی دیکە ئاستبەرزیی خۆی پێشاندایەوە و بەباشترین یاریزانی یارییەکەش دەستنیشانکرا، ئەمەش بارسا و ریال مەدریدی زیاتر سەرسامکردووە."
 
ماوەی چەند مانگێکە ناوی یاریزانەکە بە هەردوو یانەوە بەستراوەتەوە، پێشتریش یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی هەوڵی گواستنەوەی یاریزانەکەی داوە، بەڵام سەرکەوت نەبوو و دەیەوێت لە گواستنەوەی زستانەدا جارێکی دیکە هەنگاوەکانی بۆ گواستنەوەی یاریزانە بەرازیلییەکە دەستپێدەکات.
 
لەبارەی دەنگۆی چوونی بۆ یەکێک لە دوو یانە ئیسپانییەکە ئاندرێ لەلێدوانێکدا دەڵێت "بارسێلۆنا و ریال مەدرید دوو یانەی گەورەن، بەڵام لەراستیدا من بارسێلۆنا هەڵدەبژێرم."
 
ئەم قسانەی یاریزانەکە لەکاتێکدایە رۆژی دووشەممە خوان لاپۆرتا سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا گوتی "ئەگەر دۆخی ئابووریمان رێگەبدات لە گواستنەوەی زستانەدا گرێبەست دەکەین."
 
ئاندرێ تەمەنی 22 ساڵە، گرێبەستەکەی لەگەڵ فلومینێنسی لە هاوینی 2026 کۆتاییدێت، نرخی ئێستای لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا دەگاتە 25 ملیۆن یۆرۆ و چاوەڕواندەکرێت هاوینی ساڵی 2024 یانەکەی بەرەو لالیگا بەجێبهێڵێت.





 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە