رووداو دیجیتاڵ
ناهید ئەرەن، سەرۆکی پێشووی بارۆی ئامەد (سەندیکای پارێزەرانی ئامەد)، وەکو سەرۆکی نوێی یانەی ئامەدسپۆر هەڵبژێردرا. دەستەی نوێی بەڕێوەبردنی یانەکەش کە لە 21 کەس پێکدێت، هەڵبژێردران.
رۆژی شەممە، 18ـی تشرینی یەکەمی 2025، کۆنگرەی نائاسایی گشتیی ئامەدسپۆر لە سەنتەری رۆشنبیری و کۆنگرەکانی سەزائی کاراکۆچ لە ئامەد بەڕێوەچوو.
ناهید ئەرەن، وەکو بەربژێری هاوبەشی دەستەی باڵای راوێژکاریی ئامەدسپۆر، تاکە بەربژێر بوو.
سەرا بوجاک، هاوسەرۆکی شارەوانیی گەورەی ئامەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ئامەد، سەرۆکی بارۆی ئامەد و ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتییەکانی ئامەد بەشداریی کۆنگرەکەیان کرد.
لە کۆنگرەکەدا، راپۆرتی دارایی و کارگێڕیی یانەکە پێشکێشکران. دواتر هەڵبژاردن بەڕێوەچوو و ناهید ئەرەن بووە نۆیەمین سەرۆکی یانەکە. لە هەڵبژاردنەکەدا نزیکەی 400 ئەندام دەنگیان دا.
ناهید ئەرەن لە یەکەم لێدوانیدا رایگەیاند، ئامانجی سەرەکییان سوپەرلیگە.




