دوایین زانیاری لەسەر رۆیشتنی جواو فیلیکس بۆ بارسێلۆنا

19-07-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن جواو فیلیکس یانەی بارسێلۆنا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسانی یانەی ئاتلێتیکۆ مەدریدی ئیسپانی زۆر تووڕەن، بەهۆی لێدوانەکانی یاریزانەکەیان، جواو فیلیکس، کە خواستی خۆی بۆ یاریکردن بۆ بارسێلۆنا راگەیاند. هەندێک لە سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکانیش باس لەوە دەکەن کە ئاتلێتیکۆ مەدرید رازی بووە ئەو یاریزانەی بەشێوەی خواستن بداتە بارسێلۆنا.
 
فیلیکس لە لێدوانێکیدا، کە فابریزیۆ رۆمانۆی شارەزا لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان بڵاویکردووەتەوە، گوتی "دەمەوێ بۆ بارسێلۆنا یاری بکەم. بارسێلۆنا هەمیشە بژاردەی یەکەمی من بووە، زۆرم پێ خۆشە لە داهاتوودا پەیوەندی پێوە بکەم، هەمیشە لە منداڵییەوە خەونی من بووە".
 
یاریزانە پۆرتوگالییەکە، هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە "ئەگەر ئەوە رووبدات، ئەوە خەونێک دەبێت بۆ من".
 
بە گوێرەی رۆژنامەکانی ئیسپانیا، بەرپرسانی ئاتلێتیکۆ مەدرید زۆر تووڕەن لە لێدوانەکانی جواو فیلیکس و رایانگەیاندووە "بەڕێوەبەری کارەکانی یاریزانەکە زۆر باش ئەو مەرجانە دەزانێت کە دەبێت جێبەجێ بکرێن بۆ ئەوەی فیلیکس لە یانەکەمان بڕوات".
 
یانە مەدرییدیەکە زیاتر دەڵێن "لەو کاتەوە هیچ شتێکمان نەبووە بۆ لێدوان لەسەر ئەم بابەتە.
 
ئەگەرچی بەرپرسانی ئاتلێتیکۆ مەدرید پێیانوایە لێدوانەکانی فیلیکس ئاماژەن بۆ نەبوونی رێزگرتن لە رۆخی بلانکۆس، بەڵام هەندێک لە سەرچاوەکانی هەواڵ رایانگەیاندووە "بارسێلۆنا و ئاتلێتیکۆ مەدرید نزیکن لە رێککەوتن لەسەر چوونی جواو فیلیکس بەشێوەی خواستن بۆ بارسێلۆنا".
 
جواو فیلیکس لە نیوەی دووەمی وەرزی رابردوو لەگەڵ چێڵسی بە خواستن یارییکرد، بەڵام یانە لەندەنییەکە ئامادە نەبوو گرێبەستی لەگەڵ بکات یان ماوەی خواستنی درێژ بکاتەوە، بۆیە گەڕاوەتەوە ریزەکانی ئاتلێتیکۆ مەدرید، بەڵام پەیوەندییەکانی لەگەڵ دیێگۆ سیمیۆنیی راهێنەر باش نین.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە