رووداو دیجیتاڵ
لۆگان پۆڵ، یوتیوبەر و ئەستێرەی زۆرانبازیی ئازاد، داوای زۆرانبازییەکی دەستەویەخە لە لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی یانەی ئینتەر مەیامیی ئەمریکی دەکات، بەڵام لەبری مێسی، پاسەوانە تایبەتەکەی ئەو ئەفسانەیە، دەڵێ من بۆ شەڕەکە ئامادەم.
لۆگان پۆڵی زۆرانباز مشتومڕێکی نوێی دەستپێکرد! ئەو بانگەشەی ئەوە دەکات کە خواردنەوەی وزەبەخشی براندی لیۆنێل مێسی (ماس پڵەس) کۆپیی مارکەی بەناوبانگی (پرایم)ی کردووە، هەر بۆیە سکاڵای لەسەر مێسی تۆمارکردووە و ئامادەیە بەمەرجی رووبەڕووبوونەوە لە شەڕێکدا، سکاڵاکەی بکێشێتەوە.
پۆڵ و مێسی لە دادگا رووبەڕووی یەکدەبنەوە، بەڵام لۆگان بیرۆکەیەکی جیاوازی هەیە، ئەو ئاڵنگاریی مێسی دەکات بۆ یارییەکی بۆکسێن و رایگەیاند، ئەگەر مێسی رازی بێت شەڕ بکات بەرامبەرم، داوا یاساییەکەم هەڵدەوەشێنمەوە.
داوا یاساییەکەی لۆگان پۆڵ لەسەر لیۆنێل مێسی، بۆ ساڵی 2022 دەگەڕێتەوە. لەو ساڵەدا پۆڵ براندێکی بەرهەمهێنانی خواردنەوەی وزەبەخشی بەناوی پرایم دامەزراند، بە ماوەیەکی کەم ناوبانگێکی باشی لە سەرانسەری جیهاندا بەدەستهێنا.
لە بەرامبەردا، لیۆنێل مێسی لە ساڵی 2023، خواردنەوەیەکی وزەبەخشی تایبەتی خۆی بەناوی (ماس پڵەس) دامەزراند. لۆگان دەڵێت (ماس پڵەس) زۆر لە (پرایم) دەچێت، بە هەمان شێوە و رەنگ و دیزاینی لۆگۆوە بەرهەمدەهێنرێت و ئەوەش سوودوەرگرتنە لەو ناوبانگەی پرایم پێشتر لە بازاڕەکاندا بەدەستی هێناوە.
بەبۆچوونی پۆڵ، ئەوەی مێسی لە رێگەی ماس پڵەسەوە کردوویەتی، پێشێلکارییە بەرامبەر یاساکانی بەرهەمهێنان و بەبازاڕکردن. هەربۆیە ئەو زۆرانبازە، لە دادگا، سکاڵای لەدژی مێسی تۆمارکردووە.
پۆڵ بۆ کێشانەوەی داوا یاساییەکە لە دژی مێسی، ئێستا داوای رووبەڕووبوونەوە لە جەنگێکی زۆرانبازیی ئازاد لەو یاریزانە دەکات.
مێسی وەڵامی داواکەی پۆڵی نەداوەتەوە، بەڵام پاسەوانە تایبەتەکەی، کە یاسین چوێکۆیە، هاتووەتە دەنگ.
چوێکۆ، پاسەوانی تایبەتی مێسی و ماڵباتەکەیەتی لە ئەمریکا، لەماوەی بوونی ئەواندا لەو وڵاتە، یاسین هەمووکات لەگەڵ مێسی و ماڵباتەکەی دەردەکەوێت و بەرپرسە لە پاراستنی ئاسایشی ئەوان، لە نێو یاریگە و دەرەوەی یاریگەش.
یاسین چوێکۆ پێشتر ئەزموونی سەربازیی و کارکردن لە هێزی سەربازیی دەریایی هەبووە و لەگەڵ سوپای ئەمریکا لە عێراق و ئەفغانستان کاری کردووە.
یاسین رایگەیاندووە، مێسی یاریزانی تۆپی پێیە نەک شەڕکەر، بەڵام ئەگەر لۆگان بەڕاستی شەڕی دەوێت، دەتوانێت "لەبری مێسی رووبەڕووی من ببێتەوە".
لۆگان لە سۆشیال میدیا بەردەوامە لە باسکردنی داواکارییەکەی و پێداگری لەسەر ئەوە دەکات، کە براندی خواردنەوە وزەبەخشەکەی مێسی، دیزاینەکەی ئەمی کۆپی کردووە.
لەلایەکی دیکەوە، چوێکۆ کە ساڵانە لە نێوان 250 هەزار بۆ 3.5 ملیۆن دۆلار داهاتی هەیە بەهۆی پاراستنی مێسی و خێزانەکەی، رایگەیاندووە ئامادەیە بەرگری لە سەرۆکەکەی بکات لە ناو پانکی زۆرانبازی یان دەرەوەی پانکەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ