سەرۆکی سانجێرمان رۆیشتنی ئێمباپێی بۆ ریال مەدرید راگەیاندووە

19-02-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن ریال مەدرید یانەی پاریس سانجێرمان کیلیان ئێمباپێ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ناسڕ خلێفی، سەرۆکی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، دانیبەوەداناوە کە کیلیان ئێمباپێ، هێرشبەری یانەکەی پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە کردووە.
 
سێشەممەی رابردوو، ئێمباپێ بەبەرپرسانی سانجێرمانی گوتبوو گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەیدا نوێناکاتەوە و بەوەش رێگەی داهاتووی خۆی بەرەو ریال مەدرید یەکلاکردووەتەوە.
 
رۆژنامەی 'ئەی ئێس'ی ئیسپانی، دەڵێ چیرۆکی ئێمباپێ و ریال مەدرید گەیشتووەتە وێستگەی کۆتایی، پاشئەوەی یانەی شاهانە رێکەوتنی لەگەڵ ئەو یاریزانە کردووە بەوەی هاوینی داهاتوو بێبەرامبەر پەیوەندی بەو یانەیەوە بکات.
 
رۆژنامە نزیکەکە لە ریال مەدرید، ئاشکرایکردووە، ناسڕ خلێفی، سەرۆکی پاریس سانجێرمان، ئەم هەفتەیە چەند کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ کەسە زۆر نزیکەکان و جێگەی متمانەکانیدا کردووە و لە یەکێکیاندا دانیبەوەداناوە کە ئێمباپێ بەڕێژەی سەد لە سەد گرێبەستی لەگەڵ ریال مەدرید کردووە.
 
رۆژنامەکە دەڵێ، ئەو زانیارییانەی بەدەستیگەیشتوون، هاوتان لەگەڵ ئەو زانیارییانەدا کە پێشتر رۆژنامەی 'مارکا' بڵاویکردبوونەوە و ئاشکرایکردبوو ئێمباپێ گرێبەستەکەی لەگەڵ ریال مەدرید تاوەکو هاوینی 2029 واژۆ کردووە.
 
رۆژنامەکە گوتبووی، ریال مەدرید بەوریاییەکی زۆرەوە مامەڵەی لەگەڵ دۆسێیەکەی ئێمباپێدا کردووە، چونکە ئەگەری ئەوە لە ئارادایە ریال مەدرید و پاریس سانجێرمان لە چامپیۆنزلیگدا رووبەڕووی یەکدی ببنەوە.
 
وێڕای ئەو ئەگەرەش، ریال مەدرید چیدی چاوەڕێ نەبوو تاوەکو مانگی ئایاری ئەمساڵ، وەکئەوەی ساڵی 2022 رووتدا چونکە ترسی لەوە هەبووە لە دوا ساتەکاندا، ئاراستەی چیرۆکەکە بگۆڕێت و کیلیان پابەندنەبێت بەبەڵێنی چوونە ریال مەدرید.
 
رۆژنامەی 'ئەی ئێس' دەڵێ، ئێستا هاندەرانی ریال مەدرید دەتوانن بەدڵخۆشییەوە بژین و دڵنیابنەوە لەوەی گرێبەستەکەی ئێمباپێ لەگەڵ یانەکەیان کۆتاییهاتووە و تەنیا راگەیاندنی فەرمیی گرێبەستەکە ماوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە